رێکخراوێک: لە خۆپێشاندانەکانی ئێران کوژرانی 6713 کەس پشتڕاست کراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ ئامارێکی نوێ لەبارەی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، کوژرانی شەش هەزار و 713 کەس بە بەڵگەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە 137ـیان منداڵن. هەروەها زیاتر لە 49 هەزار کەسیش دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 01-02-2026، ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هەرانا) لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ کوژرانی شەش هەزار و 713 کەس لە خۆپێشاندانەکاندا بە بەڵگەوە پشتڕاست کراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ پرسی کوژرانی 17 هەزار و 91 کەسی دیکە دەکەن کە هێشتا بەڵگەی تەواو لەبارەیانەوە کۆنەکراوەتەوە.
سەبارەت بە بریندار و دەستگیرکراوانیش لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "11 هەزار و 21 کەس بریندار بوون کە برینی بەشێکیان سەختە؛ هەروەها 49 هەزار و 70 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون."
ئەم ئامارانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جیاوازییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئامارە فەرمییەکانی تاران. رۆژی 21ـی کانوونی دووەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران کۆی گشتیی قوربانییانی بە سێ هەزار و 117 کەس راگەیاند کە بە گوتەی ئەوان "دوو هەزار و 427ـیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان بوون."
هاوکات رۆژی چوارشەممە، 28-01-2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاند، بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار، ناسنامەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 28-12-2025 لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر پەرەی سەند و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 حەوزەی عیلمییە و دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.