حکومەتی ئێران ناوی 2986 کوژراوی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران ناوی دوو هەزار و 986 کەس لە کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ژمارەی کوژراوەکان سێ هەزار و 117 کەسن و بەهۆی نەبوونی زانیاریی لەبارەی ناسنامەی 131 کەسەکەی دیکە نەیانتوانیوە ناویان تۆمار بکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە بۆ ئەوەیە هیچ کەس و لایەنێک لەخۆیەوە ئامار و ژمارەی جیاواز لە کوژراوانی نائارامییەکانی ئەم دواییە نەخاتەڕوو.
 
حکومەتی ئێران لیستی ناوی دوو هەزار و 986 کەسی بە شەش ژمارەی کۆتایی کارتی نیشتمانییەکەیانەوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوو لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتەوە ناوی کوژراوانی نائارامییەکانی ئەم دواییە دەخەنە بەردەستی خەڵک و هەر کەسێکیش رەخنە یان تێبینی هەبێت، بۆیان بنێرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەن."
 
ئەو راگەیێنراوەی حکومەتی ئێران لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئاژانسی مافی مرۆڤی ئێران ئاماری نوێی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا کوژرانی شەش هەزار و 713 کەس لە خۆپێشاندانەکان پشتڕاست کراونەتەوە کە شەش هەزار و 305 کەسیان خۆپێشاندەر بوون و 137 کەسیان تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە و 214 کەسیان لە هێزە ئەمنییەکان بوون و 57 کەسیشیان خەڵکی ئاسایی بوون."
 
هەرانا دەشڵێت، "راپۆرتی کوژرانی 17 هەزار و 91 کەسی دەیکەیان پێ گەیشتووە و سەرقاڵی پشتڕاستکردنەوەی ناوەکانن و برینداربوونی 11 هەزار و 21 کەسیش پشتڕاست دەکاتەوە."
 
پێشتر مای ساتۆ، ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی لە ئێران بە زیاتر لە 20 هەزار کەس خەمڵاندبوو.