ئێران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنیی بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، "هێرشێکی تووند و بەرفراوانیان" بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردووە. سوپای ئێران و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە جەختیان کردەوە، ئەمە "تۆڵەسەندنەوەی خوێنی فەرماندە و رێبەرەکەیانە" و رایانگەیاند، وەک قەڵخانێک بۆ پاراستنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەمێننەوە.
بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسرائیل و بەرگری شارستانی ئەو وڵاتە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە تەلئەڤیڤ، ئیلات، وادی عەرەبە و تەواوی ناوچەکانی باشوور و نێوەڕاستی ئیسرائیل لێدراوە. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی خەریکی بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکانن، هاوکات رۆژنامەی مەعاریف تێکشکاندنی سێ مووشەکی بالیستی لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە راگەیاند.
لە ئوردنیش، بەرگری ئاسمانی لە شاری عەقەبە و عەممانی پایتەخت چالاککراون بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا و دەنگی زەنگی مەترسی لە چەندین شاری ئوردن بیستراوە.
ناوخۆی ئێران و ناوچەکە
میدیای فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە شاری بەندەر عەباس چالاککراوە، هاوکات دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی بوشەهر و ورمێ بیستراوە. لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری دوبەی بیستراوە.
ئەم هەڵکشانە خێرایە دوای هەڕەشە بەردەوامەکانی بەرپرسانی باڵای ئێران دێت بۆ وەڵامدانەوەی کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکە و ژمارەیەک فەرماندەی باڵا، کە لە ئەنجامی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژی شەممەدا کوژران.