میدیای ئێران کوژرانی وەزیری بەرگری، سوپاسالار و بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری رادەگەیێنێت

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی سێ بەرپرسی باڵای سەربازی و هەواڵگریی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و چەند ناوچەیەکی دیکە راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی ئاداری 2026 میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران؛ عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران و محەممەد باسری، بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی ئیتڵاعات، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکاندا کوژراون.

ئەم گورزە نوێیەی سەر سەرکردایەتیی سەربازیی ئێران لە کاتێکدایە، کە لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر 24 پارێزگای ئێران دەستپێکردووە و چەندین ناوەندی هەستیاریان کردووەتە ئامانج.

لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوخۆی ئیسرائیل کردووە، بەڵام هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامن لە کردنەئامانجی بەرپرسانی باڵا.

هەر لە چوارچێوەی ئەم هێرشانەدا، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی شەمخانی، راوێژکاریی سیاسیی خامنەیی و محەممەد پاکپوور، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران کوژرا؛ بەو هۆیەوە حکومەتی ئێران 40 رۆژ ماتەمینیی گشتی و هەفتەیەک پشووی فەرمیی لە سەرانسەری وڵاتدا راگەیاندووە.