سوپای پاسداران هەڕەشە لە حیزبەکانی رۆژهەڵات دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بارەگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، هۆشداریی تووند دەداتە ئەو لایەنانەی بە "جوداخواز" ناویان دەبات و رایدەگەیێنێت، لە ئەگەری هەر جووڵەیەکدا، "لەنێوبردنی تەواوەتییان" لە نەخشەڕێ دایە.
بارەگای حەمزەی سەیدولشوهەدا، سەر بە سوپای پاسدارانە و بارەگاکەی لە ورمێیە و، زیاتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان کار دەکات.
لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە "بەرەی زۆردار و یەزیدییەکانی سەردەم (مەبەستی نەوەکانی یەزیدی کوڕی معاویەیە)" دەستیان بە خوێنی رێبەری باڵای ئێران سوور بوو، بەڵام "چرای رێگەی حەیدەری کەڕاڕ ناکوژێتەوە" و تووڕەیی شوێنکەوتووانی ئەو رێگەیە بەرۆکی ستەمکاران دەگرێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بە یارمەتیی خودا و بە هیمەتی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان، ئەم تاوانە گەورەیە بێ وەڵام نامێنێتەوە و رێگەی ئەو رێبەرە شەهیدە تاوەکو دوا هەناسە بەردەوام دەبێت."
بارەگای حەمزەی سەیدولشوهەدا لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، هێرش دەکاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: "جەنگاوەرانی ئیسلام موژدەی لەنێوبردنی تەواوەتیی رژێمی زایۆنی و شکستی سەرشۆڕانەی ئەمریکای تاوانبار دەدەن؛ ئەم جەنگەش تاوەکو سەرکەوتنی کۆتایی راستی بەسەر پووچەڵ دا بەردەوام دەبێت."
بارەگای حەمزەی سوپای پاسداران هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی "بێگانەکان و جوداخوازەکان" دەکات و رایدەگەیێنێت: "لە ئەگەری بچووکترین جووڵە لەلایەن دەستوپێوەندەکانی زۆردارەوە، سوپای پاسداران بڕیاری لەنێوبردنی تەواوەتیی ئەوانی لە کارنامەی خۆیدا جێگیر کردووە."