پزیشکیان: ئەنجوومەنی رێبەری هەڵبژێردرا و کارەکانی دەستپێکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی رێبەری هەڵبژێردراوە و کارەکانی دەستپێکردووە." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، درێژە بە رێگەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن، کە بەرەبەیانیی شەممە لە هێرشێکدا بۆ سەر بارەگاکەی لە تاران کوژرا.
 
بە گوتەی مەسعود پزیشکیان، بە هاوکاری و ئامادەبوونی گەلی ئێران لە گۆڕەپانەکە، شکست بە پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەهێنن.
 
 پزیشکیان گوتی: "پێویستە ئەمریکا و ئیسرائیل بزانن، جگە لە شەرمەزاری و سەرشۆری هیچی دیکە بەدەست ناهێنن و گەلی خۆشەویستمان کە ئەمڕۆ ماتەمینی بۆ ئەم شەهیدە مەزنە دەگێڕن، بە بوونیان و ئامادەبوونیان لە مزگەوتەکان و لەسەر شەقامەکان، پلانە چەپەلەکانی دووژمنان پووچەڵ دەکەنەوە."
 
مەسعود پزیشکیان رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەهێزەوە بۆ لەناوبردنی پێگەکانی دووژمنان کار دەکەن و بەردەوامیش دەبن و وەکو هەمیشە بێهێوایان دەکەن."
 
سەرۆککۆماری ئێران باسی قۆناخی دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیشی کرد و رایگەیاند، "بەپێی مادەی 111ی دەستوور، ئەنجوومەنی رێبەری هەڵبژێردراوە و کارەکانی دەستپێکردووە." 
 
پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە، بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە درێژە بە رێگە و رێبازی، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی دەدەن.