لە کاشان 12 پاسدار کوژران

رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سوپای پاسداران لە پارێزگای ئیسفەهان، 12 پاسدار کوژران.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، بنکەیەکی هێزەکانی سوپای پاسداران لە شاری شاهروودی سەر بە پارێزگای ئیسفەهان کراوەتە ئامانج.
بە پێی راپۆرتەکە، لە هێرشەکەدا 12 ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون.
 
ئەمڕۆ بارەگایەکی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرایە ئامانج.
 
عەلی نەدرخانی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە پارێزگای ئیلام رایگەیاند، بارەگایەکی هێزی پاسەوانیی سنوور لە شاری مێهران کە دەکەوێتە گۆڕەپانی ئیمام خومەینی شارەکە، کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە 22 لە هێزەکانیان کوژراون و 21 سەربازی دیکە بریندار بوون.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل پێ ناوەتە رۆژی دووەمەوە.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، کە ئەمڕۆ پێ ناوەتە رۆژی دووەمەوە. لە هێرشەکاندا چەندین ناوەندی هەستیاری ئێران کراونەتە ئامانج و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون، لە نێویشیاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووە و هێرشەکانی بەردەوامە.