عێراقچی: تاران بۆ هەر هەوڵێکی جیدی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان ئامادەیە


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەی هەر هەوڵێکی جیدییە کە ببێتە هۆی وەستاندنی ئاڵۆزییەکان و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عومان، ئەمڕۆ یەکشەممە، بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشتووە. لەو پەیوەندییەدا عێراقچی سوپاسی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عومانی کرد بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ.
 
عێراقچی جەختی لە هەڵوێستی ئێران کردەوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاماژەی بەوە کرد، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە و دروستبوونی دڵەڕاوکێ بووە.
 
راشیگەیاند، "تاران دەرگای بۆ هەر دەستپێشخەرییەکی جیدی کراوەیە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بێت بە ئاڵۆزییەکان."
 
لە بەرامبەردا، بەدر بووسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، بە جۆرێک کە مافی هەموو لایەنەکان پارێزراو بێت.
 
وەزیری دەرەوەی عومان داوای لە ئێران کرد کە "دان بەخۆیاندا بگرن و دوور بکەونەوە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکانی دراوسێیەتی لە ناوچەکەدا".