ئێران کوژرانی خامنەیی پشتڕاستکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی پشتڕاستکردەوە. حکومەتی ئێران 40 رۆژ پرسەی راگەیاند و 7 رۆژیشی کردە پشوو.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 01-03-2026 لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران خوێندرایەوە لەبارەی کوژرانی عەلی خامنەیی.
لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، "بە گەلی شەهیدپەروەری ئێران رادەگەیێنین، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکای تاوانبار و رژێمی زایۆنیدا شەهید بوو."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم زانا و موجاهیدە تەمەنی خۆی فیدای بەرزکردنەوەی ناوی ئێران و ئیسلام کرد. ئینشاڵڵا لەگەڵ ئیمام و سەروەریی شەهیدان حەشر دەکرێت."
عەلی خامنەیی کێیە؟
ناوی تەواوی سەید عەلی حوسێنی خامنەییە و لە 19-04-1939 لە مەشهەد لەدایک بووە.
بە رەچەڵەک ئازەری زمان و خەڵکی شاری خامنەیە لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات.
خامنەیی خوێندنی ئایینی تەواو کردووە و پلەی مەرجەعی ئایینی هەبوو، خێزاندارە و باوکی چوار کوڕ و دوو کچە.
یەکێک بووە لە رێبەرانی ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتیی ئێران، لە سەردەمی پاشایەتیی ئێراندا لە 1963 تاوەکو 1977 چەندین جار دەستبەسەر کراوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شۆڕش.
ساڵی 1980 لە بازنەی تاران وەکو ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردراوە. لە 27-06-1981 لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو و بەهۆیەوە دەستێکی لەکار کەوت.
لە 09-10-1981 تاوەکو 16-08-1989 سەرۆککۆماری ئێران بوو، لە ساڵی 1987 بووە یەکەم سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە ساڵی 1989ـوە جێگەی روحوڵڵا خومەینی گرتەوە و بووە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
خامنەیی لەلایەن دادگەی میکۆنۆسی ئەڵمانیاوە بە یەکێک لە بڕیاردەرانی تیرۆری د. سەعید شەرەفکەندی ناسێندراوە. ئەو بۆ ماوەی 36 ساڵ کەسی یەکەمی ئێران بووە و بەشێک لە شیعەکانی وڵاتانی دیکە بە رێبەری خۆیانی دەناسێنن.
لەلایەن گۆڤاری فۆربزی ئەمریکی وەکو بە یەکێک لە بەهێزترین کەسانی جیهان ناسێنراوە.
نووسەر بووە و چەندین بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
لە سیاسەتی دەرەوەدا دژی رۆژئاوا بوو و باوەڕی بە هاوپەیمانی و نزیکایەتی لە رووسیا و چین هەبوو. هەڕەشەی لەنێوبردنی ئیسرائیلی دەکرد و رایگەیاندبوو ئامادە نییە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا ئاسایی بکاتەوە.
لە 28-02-2026 دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی راگەیاند.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بەمشێوەیە هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی بڵاوکردەوە pic.twitter.com/OPHHYobpw7
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 1, 2026