سوپای پاسداران: قورسترین ئۆپەراسیۆنمان دەستپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، قورسترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزە چەکدارەکانیان لە "دژی پێگەکانی دووژمن" دەستپێکردووە.
یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکا و ئیسرائیل دەستپێکردووەتەوە.
سوپای پاسداران دەڵێت: "قورسترین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی ناوچە داگیرکراوەکان و بنکەکانی تیرۆریستە ئەمریکییەکان دەستپێکردووە."
بەیانیی رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و لە بەرامبەردا سوپای پاسدارانیش دەستی بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و پێگەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە کرد.
شەوی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە رێگەی سۆشیال میدیاکەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان راگەیاند.
دوای چەند کاژێرێک حکومەتی ئێران لە بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممەدا کوژرانی رێبەرەکەیانی پشتڕاستکردەوە و 40 رۆژ پرسە و 7 رۆژ پشووی لە سەرتاسەری وڵاتەکەی راگەیاند.