تاران بۆردوومانکرا و هێڵەکانی پەیوەندی پچڕان
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026، شەپۆلێکی دیکەی تەقینەوە شاری تاران و شارۆچکە پیشەسازییەکانی دەوروبەری هەژاند. بەگوتەی شایەتحاڵەکان، لە هەندێک ناوچە هێڵەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت بۆ ماوەیەک پچڕاون.
سەرەتای تەقینەوەکان لە کاژێر 05:35 خولەک بە کاتی تاران (5:05 خولەک بە کاتی هەولێر) لە ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی تاران، بەتایبەت لە گەڕەکی (قەیتەرییە) هەستی پێکراوە. دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێن، دوو تەقینەوەی هێندە بەهێز بوون کە ماڵەکانیان بە تووندی لەرزیون.
لە ناوەڕاستی پایتەخت و لە شەقامی (فاتمی)، کاژێر 05:40 خولەک (بەکاتی تاران) دەنگی دوو تەقینەوەی دیکە بیستراوە. هاوکات لە رۆژئاوای تاران، شایەتحاڵەکان باس لە بیستنی نزیکەی 10 تەقینەوەی یەک لە دوای یەک دەکەن کە هەندێکیان دوور و هەندێکیان نزیک بوون.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکان تەنیا ناوەندی شاری نەگرتووەتەوە، بەڵکو باس لەوە دەکرێت شارۆچکەی پیشەسازیی "قودس" لە دەوروبەری تاران کرابێتە ئامانج. هەروەها لە نێوان ناوچەکانی (وەردئاورد و گەرمدەرە) دەنگی سێ تەقینەوەی زۆر بەهێز بیستراوە.
دانیشتوویەکی تاران بە میدیا لۆکاڵییەکانی ئێرانی راگەیاندووە: "کاژێر 05:42 خولەک دوو تەقینەوەی یەکجار بەهێز روویاندا، دەستبەجێ هێڵەکانی مۆبایل و ئەنتەرنێت رۆیشتن و بۆ ماوەیەک پەیوەندی بڕا."
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شارەکانی شیراز و ئەهواز بیستران، بەگوتەی بەرپرسە ئەمنییەکانی پارێزگای خوزستان، کە ناوەندەکەی ئەهوازە، هێرشەکانی سەر ئەهواز لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراون.