فریاکەوتنی ئێران: 24 کارمەندی تەندروستی کوژراون و 114ی دیکەش برینداربوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی ئێران رایگەیاند، لە کاتی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە زیانلێکەوتووانی "جەنگی رەمەزان"دا 24 کارمەندی کەرتی تەندروستی کوژراون و 114 کارمەندی دیکەش برینداربوون، ئاماژە بەوەش دەکات کە زیاتر لە 330 ناوەندی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە.
جەعفەر میعادفەڕ، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی ئێران ئاماری قوربانیانی کەرتی تەندروستی لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمدواییەی "ئەمریکا و ئیسرائیل" بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "24 کارمەندی کەرتی تەندروستی لە کاتی راپەراندنی ئەرکەکانیاندا کوژراون."
لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەوەی کوژراون، میعادفەڕ ئاشکرای کرد: "سێ کەس لەوانە کارمەندی فریاکەوتنی '115' بوون، ئەوانی دیکەش پزیشک، پەرستار، تەکنیکار و فەرمانبەری بەشە جیاوازەکانی دەرمان و خۆراک بوون."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتن ئاماژەی بە ژمارەی بریندارەکان کرد و گوتی: "114 کارمەندی تەندروستی برینداربوون، کە 74یان کارمەندی فریاکەوتنی '115' بوون و لە شوێنی رووداوەکان و لە کاتی گواستنەوەی بریندارانی جەنگدا کراونەتە ئامانج."
هێرشەکان تەنیا زیانی گیانیان نەبووە، بەڵکو ژێرخانی تەندروستییش کراوەتە ئامانج. سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتن دەڵێت: "زیاتر لە 330 یەکەی تەندروستی زیانیان بەرکەوتووە، کە پێکهاتوون لە نەخۆشخانە، بنکەی تەندروستی، ناوەندی شەوانە رۆژی و تەنانەت بارەگا کارگێڕییەکانی کەرتی تەندروستی."
هەروەها باسی لە تێكشکاندنی کەرەستە فریاگوزارییەکان کردووە و رایگەیاندووە، هێلیکۆپتەرێکی فریاکەوتن بە تەواوی لەنێوچووە. جگە لەوەش، هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکی فریاکەوتن لە دوورگەی هورمز کە ئەرکی گواستنەوەی نەخۆشانی بۆ ناوەندی پارێزگا لە ئەستۆ بووە.