راپۆرتێک: ئەمریکا 16 درۆنی پێشکەوتووی لە ئاسمانی ئێران لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، سوپای وڵاتەکەیان دوو درۆنی دیکەی پێشکەوتووی جۆری "ئێم کیو-9 ریپەر"یان لە نزیک شاری ئەسفەهان لەدەستداوە، بەمەش کۆی گشتیی زیانەکانی واشنتن لەم جۆرە درۆنە لە سەرەتای جەنگی ئێرانەوە بۆ 16 دانە بەرزبووەوە.
 
تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، لە زاری چەند بەرپرسێکى ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئەو دوو درۆنە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی هەواڵگری و چاودێری لە نێوەڕاستی ئێران کەوتوونەتە خوارەوە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، میدیاکانى ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردەوە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کورت مەودای "مەجید" توانیویەتی لە ئاسمانی ئەسفەهان رێگری لە درۆنە ئەمریکییەکان بکات و تێکیانبشکێنێت.
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە لاوازییە سەرەکییەکانی "ریپەر"، خێراییەکەیەتی؛ ئەم درۆنە تەنیا دەتوانێت بە خێرایی 482 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بفڕێت، ئەمەش بەراورد بە فڕۆکە جەنگییەکان زۆر خاوە کە خێراییەکەیان لەنێوان 1,900 بۆ 3,000 کیلۆمەترە. بۆیەش دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە مۆدێرنەکان. 
 
"ریپەر" لە بنەڕەتدا وەشانی نوێکراوە و گەورەکراوی درۆنی "پرێدەیتەر"ـە کە لە دوای 2001 لە جەنگی دژە تێرۆر لە عێراق و ئەفغانستان ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد. 

 

 

 
درۆنەکە کە بە "راوچی-بکوژ" دەناسرێت، بڕبڕەی پشتی هێزی ئاسمانیی درۆنی ئەمریکایە. هەر یەکەیەکی ئەم درۆنە بەپێی جۆرەکەی، تێچوویەکی خەیاڵیی هەیە کە دەگاتە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار. 
 
درۆنى "ریپەر" دەتوانێت زیاتر لە 27 کاژێر لە ئاسماندا بمێنێتەوە و 16 مووشەکی "هێڵفایەر" یان بۆمبی وردی جۆری "پاڤوەی" هەڵبگرێت، بەڵام لەم جەنگەدا، بووەتە ئامانجێکی ئاسان بۆ مووشەکە بەرگرییەکانی تاران.
 
ئەمریکا ئێستا خاوەنی نزیکەی 280 بۆ 300 دانە لەم درۆنانەیە.
 
بە لەدەستدانی 16 دانە لەو فڕۆکانە لە ماوەی تەنیا یەک مانگدا، زیانە داراییەکانى ئەمریکا تەنیا لە سێکتەرى درۆندا 480 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، کە دەکاتە نزیکەی 6٪ـی کۆی گشتیی کۆگای ئەم درۆنانە لە تەواوی سوپای ئەمریکادا. 
 
ئەم پەرەسەندنانە گوشاری خستووەتە سەر پێنتاگۆن تاوەکو پێداچوونەوە بە بەکارهێنانی ئەو درۆنانەدا بکات کە تێچوویان زۆرە و توانای مانەوەیان کەمە. 
 
لە 28ـی شوباتی 2026 و دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، واشنتن رۆژانە زیاتر لە 10 درۆنی "ریپەر"ی بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی سات بە سات بەسەر ئاسمانی ئێراندا فڕاندووە.
 
سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پیت هێگسێس، وەزیری جەنگ چەندین جار جەختیان کردووەتەوە کە بەرگریی ئاسمانیی تاران "تەخت کراوە"، بەڵام مانەوەی سیستەمە کورت مەوداکانی وەک "مەجید" نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا ئێران توانای پاراستنی ناوچە هەرە هەستیارەکانی وڵاتەکەی ماوە.