تاران بۆردوومان کرا و ترەمپ گوتارێکی "گرنگ" لەبارەی جەنگ پێشکێش دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە دەنگی چەندین تەقینەوە لە تاران بیسترا و دووکەڵێکی چڕ لە ئاسمانی پایتەختی ئێران بەرزبووەوە، ئەوەش دوای نوێترین هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شارە.
 
هاوکات لەگەڵ بۆردوومانکردنی تاران، لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی نێوەڕاستی ئیسرائیل، لانیکەم سێ کەس بریندار بوون. 
 
لە رووی مەیدانییەوە، ئێران ئێستا کەمتر لە سەرەتای جەنگەکە مووشەکی بالیستی بەکاردەهێنێت، بەڵام زیاتر پەنا بۆ درۆنی بۆمبڕێژکراو دەبات، کە تێکشکاندنیان لەلایەن سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە قورسترە.، ئەوەش بەهۆی رۆیشتنیان بە نزمی. 
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە لە گوتارێکدا رایگەیاند، هەرچەندە ئێران هێشتا توانای هەڵدانی مووشەکی ماوە بۆ ئەوەی هەڕەشە دروست بکات، بەڵام چی دیکە ناتوانێت هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات. 
 
نەتەنیاهوو باسی لە دەستکەوتە سەربازییەکانیان کرد و گوتی هێزەکانی ئیسرائیل توانیویانە "ئەو بازنەیەی ئێران کە گەمارۆیان دابووین، تێکبشکێنن."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی سێشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە سوپای وڵاتەکەی لە دوو تاوەکو سێ هەفتەی دیکەدا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆسەر ئێران بهێنێت.
 
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەمریکا دەیەوێ بەرپرسیارێتیی پاراستنی تەنگەی هورمز بگوازێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە بۆ دابینکردنی نەوت و بازرگانیی کەشتیوانی پشتی پێ دەبەستن.
 
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ گوتارێکی تەلەڤزیۆنیی تایبەت لەبارەی جەنگەکە پێشکەش بکات.