میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسداران: ژێرخانی ستارلینک لە ناوچەکەدا دەکرێتە ئامانج

 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، کە بە میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران هەژمار دەکرێت، رایگەیاند، "ژێرخانەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک لە ناوچەکەدا، وەک ئامانجێکی رەوا بۆ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبیندرێن."
 
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسەکە، بنکە و وێستگەکانی کۆمپانیای ستارلینکی سەر بە ئیلۆن مەسک، کە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران جێگیر کراون، خراونەتە نێو لیستی ئامانجە سەربازییەکان.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەو وێستگانەی ستارلینک لە دوبەی و ناوچەکانی دیکە جێگیر کراون، پەیوەستن بە ژێرخانی جیهانییەوە و دەتوانرێت بۆ مەبەستی هەواڵگری و سەربازی لە دژی ئێران بەکاربهێندرێن، بۆیە لەمەودوا وەک ئامانجی شەرعی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
 
ئەم هەڕەشەیەی میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران لەکاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە لووتکە و ئیسرائیل و ئێران چەندین هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و بارەگاکانی یەکدی، بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد، گۆڕانکارییەکی نوێیە لە شێوازی رووبەڕووبوونەوەکان لە ناوچەکەدا.