تاران هۆشداری دەدات: بڕیارەکەی ئیسرائیل بۆ کوشتنی دیلەکان ناوچەکە بەرەو نائارامیی زیاتر دەبات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی سەرکۆنەی بڕیارێکی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) دەکات بۆ سەپاندنی سزای کوشتن بەسەر دیلە فەلەستینییەکاندا و رایدەگەیێنێت، ئەم هەنگاوە "پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامەکانی جنێڤە".
رۆژی چوارشەممە، 1ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند: "ئەم بڕیارەی ئیسرائیل بەشێکە لە سیاسەتی جینۆساید و سڕینەوەی گەلی فەلەستین کە ناسنامەی ئاپارتاید و فاشیستیی ئەو رژێمە زیاتر دەردەخات."
تاران داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کردووە رێگە لەم بڕیارە بگرن و هۆشداریی دا کە "بێدەنگی بەرامبەر ئەم یاساشکێنییانە، نەک هەر فەلەستین، بەڵکو تەواوی ناوچەکە و جیهان بەرەو ناسەقامگیرییەکی گەورەتر دەبات."
لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو 1ی نیسانی 2026، ئامارەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئەمەریکا و ئێران بەم شێوەیەی خوارەوەن:
قوربانییەکان لە ناوخۆی ئێران
هێرشەکان کە لە کۆتایی شوباتی 2026ـەوە دەستیان پێکردووە، زیانی گیانیی زۆریان لێکەوتووەتەوە:
تێکڕای کوژراوان: بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە 2000 کەس کوژراون. هەندێک سەرچاوەی دیکە باس لەوە دەکەن کە ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای جەنگەوە گەیشتووەتە 3250 کەس.
لەنێو کوژراوەکاندا بە لای کەمەوە 220 منداڵ و 250 ژن هەن، ژمارەی برینداران زیاتر لە 24830 کەسە.
قوربانییەکان لە ئیسرائیل
ئێران بە مووشەکی بالیستی و "هێشوویی" وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکان، 20 ئیسرائیلی لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندا کوژراون.
وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل رایگەیاندووە کە 6131 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون، کە ئێستا 118 کەسیان لەژێر چارەسەردان.
زیانەکانی سوپای ئەمریکا
تاوەکو ئێستا 13 سەربازی ئەمریکی لە هێرشەکانی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانیدا کوژراون. سەدان سەربازی دیکەی ئەمریکی لە بنکە جیاوازەکانی ناوچەکە بریندار بوون.
لوبنان
بەهۆی پەرەسەندنی شەڕەکەوە، زیاتر لە 11260 کەس لە لوبنان کوژراون و 3750 کەس بریندار بوون.