وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن دواخرا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە سەر پێشنیازی عومان دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقایی رایگەیاند، "دواخستنی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەر پێشنیازی وەزیری دەرەوەی عومان بووە و ئەگەر کاتەکەی دیاریکرا پێشتر رایدەگەیێنین".
ئیسماعیل بەقایی گوتی، "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە دیپلۆماسی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە رەوا و یاساییەکانی نەتەوەی ئێران و کۆتاییهێنان بەو گەمارۆ و گوشارە ئابوورییانەی کە مافی مرۆڤ و خۆشگوزەرانی هەموو ئێرانییەک دەکەنە ئامانج ئامادەیە و شاندی ئێران لە سەرەتای دانوستاندنەکانەوە، بە پشتبەستن بە هەڵوێست و پرەنسیپییەکانی وڵاتەکەمان بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان چوارچێوە تایبەتەکانی بە نیازپاکییەوە دیاری کردووە و بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە سزا نایاساییەکان و رژدی خۆی بۆ دانوستانە ئاڕاستەکراوەکانی و ئەنجامەکان نیشانداوە بۆ بەدەستهێنانی لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانە و بەردەوام و بە هێز و دەسەڵاتەوە لەسەر ئەم رێگایە بەجێگیریی دەمێنێتەوە".
ئەوە لە کاتێکدایە عەباس عێراقچی راگەیاند، "گەڕی چوارەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆمای ئیتالیا بەڕێوەدەچێت و عومان وەکو نێوبژیوان شوێنی کۆبوونەوەکان دیاری دەکات و بۆ ئێران شوێنی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان گرنگ نییە".
عێراقچی گوتی، "رۆژی هەینی نوێنەرانی ئێران و ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا لە رۆما کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەمریکایان راگەیاندووە، "کەمکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ کەمتر لە 20٪ هێڵی سوورە و سەپاندنی سزای نوێ بە سەر ئێران پەیامێکی نەرێنی دەبێت لە کاتی دانوستاندنەکان".
تاوەکو ئێستا ئێران و ئەمریکا سێ جار گفتوگۆیان کردووە، بە گوتەی هەر دوو لایەن ئەرێنی بوون.
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل پێیانوایە، ئێران لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیکبووەتەوە؛ تاران ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامانج لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تەنیا بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و لێکۆڵینەوەی پزیشکییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە دەیەوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات، لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر گفتوگۆکان نەگەنە ئامانج، ئێران بۆردوومان دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش چەند جارێک باسی لەوە کردووە، ''ئەگەر خواستی ئەمریکا تەنیا ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمی نەبێت، ئەمە خواستێکە کە دەکرێت بەدیبێت و دەتوانین بەو خواستە بگەین. بەڵام ئەگەر داواکاریی نالۆژیکییان هەبێت، سرووشتییە کە رووبەڕووی کێشە دەبینەوە".