پزیشکیان: گەمارۆی دەریایی درێژکراوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییە دژی ئێران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی تووند لە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەی دەگرێت و بە "درێژکراوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی" ناویان دەبات، دەشڵێت، وڵاتەکەی تەنیا باجی "سەربەخۆیی" خۆی دەدات.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، شەوی پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، رایگەیاند: "ئەو گەمارۆیەی لە لایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەمان، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە."
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە جیهان شایەتی لێبووردەیی و ئاشتیخوازیی ئێران بووە، بەڵام ئێستا رووبەڕووی "ستەمکاری" بوونەتەوە و گوتی: "ئەوەی لە ژێر ناوی گەمارۆی دەریایی دەکرێت، درێژکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە لە دژی میللەتێک کە تەنیا باجی بەرخودان و سەربەخۆیی خۆی دەدات."
سەرۆککۆماری ئێران هۆشداریش دەدات لەوەی کە "بەرگەی بەردەوامیی ئەم رێبازە ستەمکارییە ناگیرێت."
لە 28ـی شوباتەوە و لەگەڵ دەستپێکی جەنگێکی 40 رۆژە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی دەدات تێپەڕ بن، ئەوەش جووڵەی بازرگانیی دەریایی لەو ناوچە ستراتیژییە پەکخستووە.
لە بەرامبەردا واشنتن لە 13ـی نیسانی 2026ـەوە زنجیرەیەک گەمارۆی تووندی بەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە. ئامانجی ئەمریکا لەم هەنگاوە، وشککردنی سەرچاوەکانی داهاتی نەوتی ئێرانە، تاوەکو تاران ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و بە مەرجەکانی واشنتن بۆ رێککەوتنێکی نوێ رازی بێت.