بەرپرسێکی نووسینگەکەی: تەندروستیی موجتەبا خامنەیی جێگیرە و سەرپەرشتیی دانوستاندنەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵا لە نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنێت، موجتەبا خامنەیی لە "تەندروستییەکی تەواودایە" و بەردەوامە لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات، بەتایبەت سەرپەرشتیکردنی دۆسیە سەربازییەکان و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا.
رۆژی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، میدیا فەرمییەکانی ئێران لێدوانێکی موحسین قومی، یاریدەدەری کاروباری نێودەوڵەتی لە نووسینگەی رێبەری ئەو وڵاتەیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیشکی خستووەتە سەر تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
سەبارەت بە هۆکاری دەرنەکەوتنی موجتەبا خامنەیی لە میدیاکاندا، موحسین قومی ئاماژەی بەوە کردووە بڵاوکردنەوەی دەنگۆکان لەبارەی تێکچوونی تەندروستیی یان بێدەنگیی رێبەر، "فێڵێکی دووژمنانەیە".
قومی دەڵێت: "دوژمن دەپرسێت بۆچی پەیامی دەنگی و ڤیدیۆیی بڵاوناکاتەوە، یان بۆچی ئەو کەسانەی سەردانی دەکەن قسە ناکەن، ئەمە تەنیا بۆ ئەوەیە بمانکێشنە ناو پەرچەکردارەوە تاوەکو زانیاری لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی رێبەر ئاشکرا بکەین. بۆ ئێمە گرنگترین پرس پاراستنی گیانی ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیییە."
ئەو بەرپرسەی نووسینگەی رێبەری ئێران پشتڕاستی کردەوە کە موجتەبا خامنەیی لە سەرەتای جەنگدا و لە ئەنجامی بۆردوومانێکدا بریندار بووە، بەڵام بە پەرجوو رزگاری بووە.
موحسین قومی گوتی: "سەرەڕای ئەوەی لە رووداوی بۆردوومانکردنی باڵەخانەکەیدا بریندار ببوو، بەڵام خودا وەک پاشەکەوتی شیعە پاراستی. تەنیا چەند خولەکێک پێش ئەوەی بۆمبەکە بەر باڵەخانەکە بکەوێت، بەهۆی کارێکی پێویستەوە چووەتە حەوشەی باڵەخانەکە و بەو شێوەیە رزگاری بووە، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی لە ناو باڵەخانەکەدا مابوونەوە شەهید بوون."
سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنەکان
بە گوتەی قومی، موجتەبا خامنەیی ئێستا لە رووی تەندروستییەوە "لەوپەڕی باشیدایە" و بە وردی چاودێریی دۆسیە هەستیارەکان دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە رێبەری ئێران سەرپەرشتیی دۆسیە سەربازییەکان و دانوستاندنەکان دەکات و لەم دواییانەشدا رێنمایی و تێبێنیی تایبەتی داوەتە شاندی دانوستاندنکاری ئێران لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکان و پرسی دانوستاندن لەگەڵ واشنتن.