تاران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی بۆ دانوستاندن دایە ئەمریکا


رووداو دیجیتاڵ

میدیای فەرمیی ئێران دەڵێ، تاران لە رێگەی پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا پێشکێش کردووە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی لە گفتوگۆکانی نێوان هەردوو وڵات دروستبووە.
 
رۆژی هەینی، 1ـی ئایاری 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دەقی نوێترین پێشنیازی خۆی بۆ دانوستاندن رادەستی پاکستان کردووە. پاکستان وەک نێوەندگیر لەنێوان تاران و واشنتن کار دەکات."
 
ئاژانسەکە وردەکاریی زیاتری لەبارەی نێوەرۆکی پێشنیازە نوێیەکەی ئێران بڵاونەکردووەتەوە و هێشتا روون نییە تاران چ جۆرە نەرمییەک یان مەرجێکی نوێی خستووەتەڕوو.
 
ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە تەواوی وەستاون. دوای ئەو شەڕە 40 رۆژییەی لە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، هەردوو وڵات تەنیا یەک خولی دانوستانیان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە و داخستنی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دانوستاندنەکان بێ ئەنجام بوون.
 
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتاکانی لە هەریەک لە سعودیە، قەتەر، تورکیا، عێراق و ئازەربایجان ئەنجام داوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، عێراقچی لەو پەیوەندییانەدا باسی لە "دەسپێشخەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ" کردووە.