نازم دەباغ لە کۆرۆنا چاکبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رایگەیاند، دوای 16 رۆژ لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، رۆژی دووشەممە پشکنینی کردووەتەوە و ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەممووز ئەنجامەکەی وەرگرتووەتەوە و نەرێنی بووە.
نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕاندنی کۆرۆنا، رۆژی پێنجشەممە 2ی تەممووز پشکنینی کۆتایی دەکات.
سەبارەت بە سەرچاوەی تووشبوونەکەی، نازم دەباغ گوتی "پێش پشكنینەكان كۆبوونەوەیەکم لەگەڵ ئێرانییەكاندا كردووە و گومانم لەوە هەیە بەهۆی ئەو کۆبوونەوەیەوە تووش بووبم، جگە لەوەش رۆژانە خەڵك سەردانی نوێنەرایەتیی كردووە و دەکرێت لەو خەڵكانەش تووشبووبم".
نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران 22 کارمەندی هەیە؛ نازم دەباغ دەڵێت، دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسەکە دەرگای نوێنەرایەتییان داخستووە و کارەکانی نوێنەرایەتییەکە لە رێگەی تەلەفۆنەوە دەکەن، داواشی لە سەرجەم کارمەندەکانی کردووە، پشکنینی کۆرۆنا بکەن.