گوتەبێژی حکومەتی ئێران: هیچ کاتێک بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دیاری نەکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان زیانی گەورە و جیدییان بەرکەوتووە. راشیگەیاند، هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دیارینەکراوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەممووزی 2025 فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران باسی زیانەکان و کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، زیانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی جەنگ و دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد.
 
فاتمە مهاجرانی رایگەیاند، "دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە، بەرپرسانی جۆراوجۆریش جەختیان لەوە کردووەتەوە."
 
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، مهاجرانی گوتی، "سەبارەت بە دانوستاندنەکان، وەکو وەزیری دەرەوە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایانگەیاند، تائێستا هیچ کاتێک دەستنیشان نەکراوە، ئەگەری هەیە زۆر زوو نەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە."
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران باسی لە زیانەکانی جەنگی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، بەپێی نوێترین ئامارەکان 935 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون و زیاتر لە 5646 کەسیش بریندار بوون.
 
بە گوتەی فاتمە مهاجرانی، هەروەها "بەشێک لە یەکە بازرگانییەکان زیانیان بەرکەوتووە. داتاکان کۆدەکرێنەوە، بڕیارەکانی قەرز بۆ خانووبەرە و نۆژەنکردنەوە دواتر رادەگەیێندرێت."
 
مهاجرانی دەشڵێت، "ئێستا کاری یەکەم و سەرەکیی حکومەت، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونە بۆ زیانلێکەوتووان، بۆیەش نیشتەجێکردنی خەڵک بە شێوەیەکی خێرا کاری لەسەر دەکرێت و بەشێک لەوانەی بەهۆی هێرشەکەوە زیانمەند بوون، لە هۆتێلەکانی سەر بە شارەوانیی تاران شوێنیان بۆ کراوەتەوە."
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران هەروەها رایگەیاند، بەدواداچوون بۆ ئەو زیانانە دەکەن، کە بەهۆی شەڕەوە بە ژینگە و شوێنەوارە مێژوویی و کولتوورییەکانی ئێران گەیشتووە.
 
مهاجرانی گوتی، "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رژێمی زایۆنی، وەکو هۆکاری ئەو زیان و وێرانکارییانە، داوای قەرەبوو دەکات و بەدواداچوونی پێویست لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و رێکخراوی پاراستنی ژینگەوە دەکرێت."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئێران هیچ پلانێکی هەیە بۆ کڕینی فڕۆکەی پێشکەوتووی جەنگی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، "بەڕێز عێراقچی کە لەم رۆژانەدا بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە گەشت دەکات، پەیامێکی شیاوی لەم بارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئێران لوبنان نییە. ئێران لەگەڵ لوبنان بەراورد مەکەن. لە هەمان کاتدا بێ گومان ئێمە پێویستە ئامادە بین بۆ هەموو سیناریۆکان. بۆ روونکردنەوەیەکی وردتر سەبارەت بە کڕینی کەرەستەی سەربازی، پەیوەندی بە گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانەوە بکەن."
 
سەبارەت بە دروستکردنی پەناگە بۆ خەڵک لە کاتی جەنگ یان هەر قەیرانێکی دیکە وەکو بوومەلەرزە، فاتمە مهاجرانی روونیکردەوە، ئەرکی حکومەتە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان پەناگە دروست بکات و ئێستاش حکومەت خەریکی تاوتوێکردنی بابەتەکەیە، بۆ ئەوەی شوێنی گونجاو بۆ ئەم مەبەستە دەستنیشان بکرێن.