پێشنیازی زیادکردنی کورسییەکی پەرلەمان بۆ پارێزگای ئیلام پەسند کرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئێران پێشنیازی زیادکردنی کورسییەکی پەرلەمانی بۆ پارێزگای ئیلام پەسند کرد و بڕیارە بە پڕۆژەیاسایەک پێشکێشی پەرلەمانی بکات.
سارا فەلاحی، پەرلەمانتاری ئیلام رایگەیاند، ئەسکەندەر موئمنی، وەزیری ناوخۆی ئێران پێی راگەیاندوون، حکومەت پێشنیازی زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای ئیلامی لە پەرلەمان پەسند کردووە، بڕیارە بە زوویی پڕۆژەیاسایەک بەناوی زیادکردنی کورسییەکی پەرلەمان بۆ پارێزگای ئیلام پێشکێشی پەرلەمان بکات.
فەلاحی دەڵێت، ئەگەر ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای ئیلام لە پەرلەمان زیاد بکرێ، هەنگاوێکی گرنگ دەبێ بۆ گەشەی سیاسیی پارێزگاکە و زیاتربوونی رۆڵی پارێزگاکە لە بڕیارە گشتییەکاندا.
پارێزگای ئیلام نزیکەی 700 هەزار کەس دانیشتووی هەیە.
پارێزگاکە ئێستا سێ کورسی لە پەرلەمانی ئێران بە دوو بازنەی هەڵبژاردن هەیە؛ بازنەی شارەکانی ئیلام، مەلکشایی، مێران، چەردواڵ، سیروان، چوار و هولەیلان دوو پەرلەمانتار و بازنەی دێلران، بەدرە، دەڕەشار و ئاودانانیش پەرلەمانتارێکی هەیە.