ئێران دەڵێت، لە هێرشی ئیسرائیلدا زیاتر لە 10,400 یەکەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کاروباری راگەیاندنی حکومەتی ئێران ئامارێکی نوێی زیانی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیاتر لە 10 هەزار و 400 یەکەی نیشتەجێبوون لە تاران و شارەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە.
 
عەلی ئەحمەدنیا، سەرۆکی کاروباری راگەیاندنی حکومەتی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، هەفتەی رابردوو دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەی نۆژەنکردنەوە بە سەرۆکایەتیی محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا ئاماری نوێ لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل خرایەڕوو.
 
سەرۆکی کاروباری راگەیاندنی حکومەتی ئێران دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا، لە هێرشەکانی رژێمی زایۆنی دا هەشت هەزار و 413 یەکەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان لە تاران و دوو هەزار و 21 یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکانی دیکە زیانیان بەرکەوتووە."
 
ئەحمەدنیا ئاماژە بەوەش دەکات، "گرنگترین داواکاریی محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار ئەوە بوو کە بە زووترین کات ماڵی ئەو هاووڵاتیانە نۆژەن بکرێتەوە کە لە جەنگی 12 رۆژەدا زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها قەرەبووی کارگەکان و یەکە پیشەسازییەکان بکرێتەوە، بە ئامانجی رێگریکردن لە زیاتربوونی زیانەکانی کەرتی بەرهەمهێنانی وڵات."
 
لە 13ی حوزەیرانی 2025 جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە. 
 
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 24ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند و ئاگربەستەکە لە رۆژی 25ی حوزەیرانەوە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
بەپێی دوایین ئاماری فەرمیی ئێران، لە 12 رۆژی جەنگەکەدا بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، هەزار و 60 کەس لەو وڵاتە کوژراون و پێنج هەزار و 800 کەسی دیکەش بریندار بوون.