ئێران: بە مەرج ئامادەین ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، وڵاتەکەی بە مەرج ئامادەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کەم بکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی ئەیلوولی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەی گاردیەنی راگەیاند، تاران ئامادەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 3.67% کەم بکاتەوە، بە مەرجێک رێککەوتنێکی هەمەلایەنە بکرێت مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو وڵاتدا دەستەبەر بکرێت.
بەقایی گوتی: "متمانەی نێوان پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و ئێران تێکچووە و نیگەرانی راستەقینە هەیە لەوەی ئەو زانیارییانەی لە شوێنەکان کۆدەکرێنەوە لەلایەن ئاژانسەکەوە لە کۆتاییدا بگوازرێنەوە بۆ ئیسرائیل."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دایە سێ وڵاتە ئەوروپییەکە (ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا) لە کاراکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران و گوتی: "لە ئەگەری سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر پەرلەمان یاسای کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی ئەتۆمی دەربکات، حکومەتی ئێران لە رووی دەستوورییەوە ناتوانێت رێگری لە کشانەوەی ئێران لەو پەیماننامەیە بکات."
رۆژی هەینی 29-08-2025، حوسێنعەلی حاجی دلیگانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی مادەی 90 لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لیژنەکە لە کاردانەوەی کاراکردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر وڵاتەکەی، پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کشانەوەی ''یەکجاری'' لە پەیمانی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) دەداتە پەرلەمان.
جێگری سەرۆکی لیژنەی مادەی 90ـی پەرلەمانی ئێران گوتی، ''ئەوە بچووکترین کاردانەوەی پەرلەمان دەبێت و رێکاری پەشیمانکەرەوەی دیکە بەرامبەر سێ وڵاتە ئەورووپییەکە دەگیرێتەبەر کە میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکانیان کارا کردووە.''
لیژنەی مادەی 90ـی پەرلەمانی ئێران یەکێک لە لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمانەکەیە و بەگوێرەی مادەی 90ـی دەستووریی ئێران، دەسەڵاتی ئەوەی پێدراوە کە ئەگەر لەسەر شێوەی کاری پەرلەمان، دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و داد سکاڵای هەبوو، بە نووسراو سکاڵاکە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات.
ئەو کاردانەوەیە دوای ئەوە هات، رۆژی پێنجشەممە، 28-8-2025، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، میکانیزمی ناسراو بە سناپ باک (گەڕاندنەوەی سزاکان)ـیان دژی ئێران کارا کرد و رایانگەیاند، هەموو ئامرازێکی دیپلۆماسی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی نەهێڵن ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات.
پێشتر هەریەکە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا رایانگەیاندبوو، ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەوا سزا نێودەوڵەتییەکانی بەسەردا دەسەپێننەوە کە دوای رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون.
بە کاراکردنی میکانزمی سناپ باک، ئێران 30 رۆژی لەبەردەمە، کە یان دەبێت بە مەرجی ئەورووپییەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی رازی بێت، یانیش بکەوێتەوە ژێر سزا ئابوورییە سەختە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش سڕکردنی هەموو پارە و سامانی وڵاتەکە لە دەرەوە.
بەرپرسانی ئێران تاوەکو ئێستا چەندین جار هەڕەشەی کشانەوەیان لە پەیمانی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) کردووە.