ئێران بە مەرج رێگە بە فڕینی درۆنەکان لە ئاسمانی وڵاتەکەی دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران رایگەیاند، لەمەودوا بەبێ تۆمارکردنیان هەموو جۆرە چالاکییەکی درۆنە ناسەربازییەکان لەو وڵاتە قەدەخەیە.
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا هۆشداری دەداتە ئەو کەس و لایەنانەی درۆنیان هەیە و دەڵێت، لەمەودوا فڕینی هەموو جۆرە درۆنێک لە ئاسمانی وڵاتەکە قەدەخەیە و تەنیا بە تۆمارکردنی درۆنەکان لە سیستمێکی تایبەتدا رێگەیان پێدەدرێت بەکاربهێنرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سیستمی تایبەت بە تۆمارکردن و پێدانی تابلۆ بە درۆنەکان خراوەتە کار و پێویستە هەموو ئەوانەی خاوەنی درۆنن و لە بواری کشتوکاڵی، وێنەگرتن، نەخشەسازی و بوارەکانی دیکەی مەدەنی بەکاریان دەهێنن، لە سیستمەکەدا درۆنەکە لەسەر ناوی خۆیان تۆمار بکەن و تابلۆ یان ژمارەیەکی تایبەتی بۆی وەربگرن.
بە گوتەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی ئێران، هۆکاری گرتنەبەری ئەم رێوشوێنە نوێیە "دابینکردنی سەقامگیری و کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەیە."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، کارپێکردنی هەر جۆرە درۆنێکی مەدەنی لە سەرانسەری ئێران بە بێ تابلۆ و ژمارەی تۆمارکراو بە نایاسایی دادەنرێت و سەرپێچیکاران لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.
راگەیاندنی رێوشوێنی نوێ بۆ کارپێکردنی درۆنە مەدەنییەکان لە ئێران لە کاتێکدایە، لە ماوەی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل رۆڵێکی بەرچاویان لە هێرشکردنە سەر ئامانجە جیاوازەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران هەبوو.