سێ کەس لە خۆپێشاندانەکانی لوڕستاندا کوژران

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ئەزنای پارێزگای لوڕستان سێ کەس لە خۆپێشاندانی ناڕەزایی خەڵکدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژران. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، ویستوویانە هێرش بکەنە سەر بنکەیەکی پۆلیس.
 
شەوی پێنجشەممە 01-01-2026، لە درێژەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و کاسبکاراندا، لە شاری ئەزنای سەر بە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەسی دیکە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس کوژران.
 
محەممەدڕەزا هاشمی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە لەوبارەوە رایگەیاند، ژمارەیەک لە خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس و لە ئەنجامدا هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکردوون.
 
بەگوتەی محەممەدڕەزا هاشمی، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەی پۆلیسدا، سێ کەس لە خۆپێشاندەران کوژراون و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
 
رۆژی چوارشەممەش گرژی لە خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی شاری کۆیەشتی پارێزگای لوڕستان کەوت و وەک سەعید پوورعەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە ئەنجامی گرژییەکەدا، ئەندامێکی بەسیج بە ناوی ئەمیر حیسام خودایاری فەرد کوژراوە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێن، ئەمیر حیسامی تەمەن 22 ساڵ بەسیج نەبووە، بەڵکو لەنێو خۆپێشاندەراندا تەقەی لێکراوە.   
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، جیا لەو چوار کەسەی لوڕستان، لە شاری لۆردگانی چوار مەحاڵ و بەختیاری دوو گەنجی 21 و 28 ساڵان و لە فولادشەهری ئیسفەهان کەسێک بە ناوی داریوش ئەنساری و لە شاری فەسای پارێزگای فارس، خۆپێشاندەرێکی تەمەن 18 ساڵ بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراوان بە وردی رانەگەیێندراوە.
 
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکە وەک کرماشان، لوڕستان، ئیلام، چوار مەحاڵ و بەختیاری، قوم، خوزستان، فارس، ئیسفەهان، هەمەدان و مەشهەدی گرتووەتەوە. و تاوەکو ئێستا لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.
 
دوای دەستپێکردنی ئەو ناڕەزاییانە، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە و عەبدولناسر هیمەتی کرایە سەرۆکی نوێی بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە. هیمەتی رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بەهای تمەن و دۆخی بازاڕ سەقامگیر دەکەن و پێش بە گەندەڵی لە بازاڕی دراو دەگرن.
 
هاوکات دوێنێ پێنجشەممە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی خۆپێشاندانەکانەوە رایگەیاند، ''چارەسەرکردنی کێشەی سیاسی لە بنەڕەتدا چارەسەرکردنی کێشەی ئابووری و جێبەجێکردنی دادپەروەرییە.''
 
مەسعود پزیشکیان گوتیشی: "کامە سیاسەت دەتوانرێ جێبەجێ بکرێت، کاتێک دادپەروەری لە کۆمەڵگەدا پەیڕەو نەکرێ. بۆچی خەڵک قبووڵمان ناکات، با قبووڵی بکەین کە دەبێ گوێ لە قسەی خەڵک بگرین."