عەلی لاریجانی: دەبێت گەلی ئەمریکا بزانێت ترەمپ سەرکێشییەکەی دەستپێکرد

رووداو دیجیتاڵ

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وەڵامی هەڕەشەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی دایەوە و رایگەیاند، "پێویستە ترەمپ بزانێت دەستوەردانی ئەمریکا لەم پرسە نێوخۆییەدا یەکسانە بە تێکچوونی دۆخی تەواوی ناوچەکە و لەنێوبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا."
 
رۆژی هەینی، 2ی کانوونی دووەمی 2025، عەلی لاریجانی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بە هەڵوێستی بەرپرسانی ئیسرائیل و ترەمپ، پاشخانی رووداوەکە روون بووەوە. ئێمە هەڵویستی کاسبکارانی ناڕازی لە کەسانی تێکدەر جیا دەکەینەوە."
 
عەلی لاریجانی گوتی: "پێویستە ترەمپ بزانێت دەستوەردانی ئەمریکا لەم پرسە نێوخۆییەدا یەکسانە بە تێکچوونی دۆخی تەواوی ناوچەکە و لەنێوبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا."
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەروەها دەڵێت: "پێویستە گەلی ئەمریکا بزانێت کە ترەمپ ئەم سەرکێشییەی دەستپێکردووە. پێویستە ئاگاداری سەربازەکانیان بن."
 
هەروەها عەلی شەمخانی، راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بە هەڕەشەکەی ترەمپ رایگەیاند، "ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هێڵی سوورە نەک بابەتی تویتە سەرکێشییەکان."
 
راوێژکاری رێبەری ئێران گوتی: "هەر لایەنێک بیەوێت بە بیانووی جیاواز لە ئاسایشی ئێران نزیک ببێتەوە، بەرلەوەی بگاتە ئامانجەکەی، بە وەڵامێکی پەشیمانکەرەوە دەستی دەبڕدرێت."
 
عەلی شەمخانی دەشڵێت، خەڵکی ئێران ئەزموونی "رزگارکردنی ئەمریکییەکان" باش دەناسن، لە عێراق و ئەفغانستانەوە تاوەکو غەززە.
 
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند، "ئەگەر خۆپێشاندەران بکوژن ئەوا بەهانایانەوە دەچین."
 
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال رایگەیاند، "ئەگەر ئێران تەقە بکات و بە تووندوتیژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێت، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هانایانەوە دێت". راشیگەیاند، "ئێمە ئامادە و پڕچەکین و ئامادەی جووڵەین." 
 
مانگرتن و خۆپێشاندانی کاسبکاران بەهۆی گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر تمەن لە ئێوارەی یەکشەممە 28-12-2025 لە تارانەوە دەستیپێکردووە و ژمارەیەک پارێزگای دیکە وەک کرماشان، لوڕستان، ئیلام، چوار مەحاڵ و بەختیاری، قوم، خوزستان، فارس، ئیسفەهان، هەمەدان و مەشهەدی گرتووەتەوە. و تاوەکو ئێستا لە هەندێک شار گرژی تێکەوتووە.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییە نافەرمییانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، جیا لەو چوار کەسەی لوڕستان، لە شاری لۆردگانی چوار مەحاڵ و بەختیاری دوو گەنجی 21 و 28 ساڵ و لە فولادشەهری ئیسفەهان کەسێک بە ناوی داریوش ئەنساری و لە شاری فەسای پارێزگای فارس، خۆپێشاندەرێکی تەمەن 18 ساڵ بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەی کوژراوان بە وردی رانەگەیێندراوە.