بەرپرسانی ئێران بۆ ترەمپ: دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەمان باجی قورسی دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئێران وەڵامی هۆشداریی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی تەقەنەکردن لە خۆپێشاندەران دەدەنەوە و دەڵێن، رێگە بە دەستوەردانی بیانی لە پرس و کێشە نێوخۆییەکانی وڵاتەکەیان نادەن.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاردانەوە بۆ قسەکانی دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا دەڵێت، بەو قسانەی ترەمپ، ئەگەر هەر سەرکێشییەک بەرامبەر ئێران بکرێت، تاران مافی خۆیەتی هەموو بنکە و هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.
قالیباف دەشڵێت، خەڵکی ناڕازی و بەکرێگیراوانی بیانی لە یەک ریزدا دانانێن.
هەروەها عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "دەبێت ترەمپ بزانێت دەستوەردانی ئەمریکا لە پرسەکانی نێوخۆی ئێراندا یەکسانە بە شڵەژانی هەموو ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا."
لاریجانی خۆپێشاندانەکان بە پلانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناودەبات و دەڵێت، "بە هەڵوێست وەرگرتنی بەرپرسانی ئیسرائیل و ترەمپ، روون بووەوە کێ لەپشت رووداوەکانە."
لاریجانی بۆ خەڵکی ئەمریکا نووسیویەتی، "با خەڵکی ئەمریکا بزانن، ترەمپ دەستی بەو سەرکێشییە کرد."
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، "ئێرانییەکان لە گفتوگۆ و هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ یەکدیدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، رێگە بە هیچ چەشنە دەستوەردانێکی بیانی نادەن."
سادق لاریجانی، سەرۆکی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە کاردانەوە بەرامبەر قسەکانی ترەمپ دەڵێت، "هەڕەشەکردن لە ئێران، سەرکێشییە و ئەگەر هەڵە بکەن، وەڵامێکی تووند وەردەگرنەوە."
عەلی شەمخانی، راوێژکاری سیاسیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە تویتێکدا دەڵێت، ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هێڵی سوورە و ئەو دەستانە دەبڕن کە لە ئاسایشی ئەو وڵاتە نزیک دەبنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی لەبارەی تەقەکردن لە خۆپێشاندەران هۆشداری دایە بەرپرسانی ئێران و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، "ئەگەر ئێران تەقە بکات و بە تووندوتیژی خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکوژێت، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهانایانەوە دەچێت." دەشڵێت، پڕچەکن و ئامادەی جووڵەن.
لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کە لە یەکشەممە 28-12-2025ـەوە دەستیانپێکردووە، بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تاوەکو ئێستا 7 خۆپێشاندەر بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون و 33 کەسیش برینداربوون.