ئێران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای رێکخستنی خۆپێشاندان دەدات؛ میدیای سوپای پاسداران دەڵێ، 6 کەس کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن بەرامبەر دراوە بیانییەکان لە چەند شارێکی ئێران بەردەوامن و بەگوێرەی میدیای نزیک لە سوپای پاسداران، 6 کەس کوژراون؛ پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئامادەکاری دەکات بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسایەکی حکومەت بۆ رێکخستنی خۆپێشاندان، کە ماوەیەکی زۆر بوو فەرامۆش کرابوو. هاوکات ترەمپ هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی دەکات و تارانیش بە هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئەمریکا وەڵام دەداتەوە.
 
محەممەد جەواد جۆکار، سەرۆکی لیژنەی کاروباری ناوخۆی پەرلەمانی ئێران رۆژی هەینی رایگەیاند، پڕۆژەیاساکە کە یەکەمجار لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردوودا پێشکێش کرابوو، لە دانیشتنێکی گشتیدا دەخرێتە دەنگدانەوە. 
 
جۆکار هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە وایان کردووە هەبوونی یاسایەکی روون بۆ خۆپێشاندان ببێتە پێویستی.
 
پڕۆژەیاسا پێشنیازکراوەکە پشت بە مادەی 27ی دەستووری ئێران دەبەستێت، کە رێگە بە خۆپێشاندانی بێ چەک دەدات بە مەرجێک دژی بنەماکانی ئیسلام نەبێت. پڕۆژەیاساکە رۆڵ دەداتە دەسەڵاتدارانی پارێزگەکان بۆ دیاریکردنی شوێنی خۆپێشاندان و رێگە بە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەدات لەو شوێنە پەسندکراوانەدا ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕن.
 
ناڕەزایەتییەکان لە کۆتایی ساڵی 2025ـەوە بەهۆی سەختیی بژێویی ژیان سەریان هەڵدا، ئەوەش دوای ئەوەی بەهای تمەن بەرامبەر دراوە بیانییەکان بۆ نزمترین ئاست دابەزی و هەڵاوسان گەیشتە 40%، ئەوەش جگە لە سزاکان و کاریگەریی ململانێ هەرێمییەکان.
 
ناڕەزایەتییەکان لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستیان پێکرد و بۆ پارێزگاکانی وەک لوڕستان، فارس، ئیسفەهان و خوزستان تەشەنەیان سەند.
 
تووندوتیژی و کوژران
 
لە رۆژانی رابردوودا گرژییەکان کوژراویان لێکەوتوەتەوە.
 
ئاژانسی هەواڵی فارسی نیمچە فەرمی بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە لە شاری ئەزنای سەر بە پارێزگای لوڕستان، سێ کەس کوژراون و 17ی دیکە بریندار بوون، ئەوەش کاتێک خۆپێشاندەران هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەیەکی پۆلیس.
 
میدیای ئێران هەروەها کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیجی لە شاری کویەشتی لوڕستان راگەیاند، لە کاتێکدا گرووپەکانی مافی مرۆڤ ناسنامەی بەشێک لە کوژراوانیان ئاشکرا کرد، کە خۆپێشاندەر بوون، لەنێویاندا گەنجێک بەناوی ئەمیرحیسام خودایاری فەرد، کە باوکی لە کاتی بەخاکسپاردنی کوڕەکەیدا لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا رەتیکردەوە کوڕەکەی سەر بە دەسەڵات بووبێت.
 
لە شاری مەڕودەشتی پارێزگای فارسیش تەرمی خوداداد شیروانی بە خاک سپێردرا. دواتریش ئامادەبووان دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.
 
خۆپێشاندانەکان رۆژی هەینی لە پارێزگاکانی وەک ئیسفەهان، هەمەدان، خۆراسانی رەزەوی، مەرکەزی، چوارمەحاڵ و بەختیاری، قوم، خوزستان، فارس، ئەلبورز، سیستان و بەلووچستان، کرماشان، لوڕستان و ئیلام بەردەوام بوون.
 
هەڕەشەکانی ترەمپ و وەڵامی ئێران
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ پۆستێکی کرد و نووسی، "ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپێشاندەرانی ئاشتیخواز بکات و بە شێوەیەکی تووندوتیژ بیانکوژێت، کە ئەمە نەریتی ئەوانە، ئەوا ئەمریکا بە هانایانەوە دەچێت. ئێمە چەکبەدەست و ئامادەین بۆ جووڵە."
 
بەرپرسانی ئێران بە خێرایی وەڵامی لێدوانەکانیان دایەوە. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە رووداوە مێژووییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کرد، وەک کودەتای ساڵی 1953 و سزاکان، وەک بەڵگەیەک کە ئەمریکا خەمی ئێرانییەکانی نییە، هەڕەشەکانیشی بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناو برد.
 
عەلی لاریجانی، سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هۆشداری دایە ترەمپ کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران دەبێتەهۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و لەنێوبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، گوتیشی، "پێویستە ئەمریکییەکان ئاگاداری سەربازەکانیان بن."
 
عەلی شەمخانی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ نزیکبوونەوە لە ئاسایشی ئێران بە هەر بیانوویەک بێت، ئەوا "دەستی دەبڕدرێتەوە" پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی.
 
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران  لە تویتێکدا گوتی، بەو قسانەی ترەمپ، ئەگەر هەر سەرکێشییەک بەرامبەر ئێران بکرێت، تاران مافی خۆیەتی هەموو بنکە و هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە بکاتە ئامانج.
 
قالیباف دەشڵێت، خەڵکی ناڕازی و بەکرێگیراوانی بیانی لە یەک ریزدا دانانێن.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دانی بە بوونی گلەییەکاندا ناوە و پێشنیازی گفتوگۆی کردووە.