ئێران مووشەکێکی نوێی بالیستی نمایش دەکات؛ تاوەکو پێکانی ئامانجەکەی کۆنترۆڵی ئاراستەکەی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئێران، پەردەی لەسەر مووشەکێکی نوێی بالیستی بە ناوی ئیعتماد لادا.
 
رۆژی یەکشەممە دووی شوباتی 2025، وەزارەتی بەرگریی ئێران بە بۆنەی رۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆجیای بۆشایی ئاسمان، مووشەکی بالیستی "ئیعتماد"ی وەک نوێترین مووشەکی هێرشبەر نمایش کرد، کە توانای هەیە لە دووری هەزار و 700 کیلۆمەتر ئامانجەکەی بپێکێت.
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە مەراسیمەکەدا بەشدار بوو رایگەیاند، "پەرەپێدانی توانای بەرگری و سیستمی ئاسمانی بۆ جەنگ و هێرشکردنە سەر هیچ شوێنێک نییە، بەڵکو بۆ بەرگرییە لە وڵات، بۆ ئەوەی هیچ وڵاتێک بوێری ئەوەی نەبێت بیر لە بەزاندنی سنووری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکاتەوە".
 
پزیشکیان گوتی: "هیوادارم ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنەی لە بواری بەرگریی وڵاتەکەماندا هاتووەتە دی، کەرتەکانی دیکەی وەک کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، هونەری و بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە".
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی بەرگریی ئێران لەسەر مووشەکی بالیستیی ئیعتماد بڵاوی کردووەتەوە، درێژیی مووشەکە  16 مەترە و تیرەکەی یەک مەتر و 25 سانتیمەترە، زیرەکی مووشەکەکە لەوەدایە تاوەکو پێکانی ئامانجەکەی دەتوانرێت کۆنترۆڵی ئاراستەکەی بکرێت.
 
ئێران مانگی رابردوو، کۆمەڵێک مانۆڕی سەربازیی لە شوێنە جیاجیاکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، خۆیان بۆ هەموو رووبەڕووبوونەوەیەک ئامادە دەکەن.
 
گوتەبێژی حکومەتی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، پرۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە بۆ زیادکردنی 200%ـی بودجەی سەربازیی وڵاتەکەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان.