وەزیری دەرەوەی ئێران: ئەمریکا داوای دانوستاندن دەکات و ئێمەش ئامادەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، ئەمریکا داوای دانوستاندنی کردووە و ئەوانیش لەسەر بنەمای ''رێزگرتنی بەرامبەر'' ئامادەن. ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، حکومەت پلانی ئەوەی نییە یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێک بگوازێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 02-02-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی سەردانیکردنی مەزارگەی روحوڵڵا خومەینی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە باسی لە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەتۆمی کرد.
عێراقچی رایگەیاند، ''لە کاتێکدا پیاوی جەنگین، هەموو کات پیاوی دیپلۆماسییش بووین، هیچ کات دیپلۆماسیمان وەلا نەناوە و دەرفەتێکمان بۆ پاراستنی مافی خەڵک لەو رێگەیەوە لەدەستنەداوە.''
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە خواستی ئەمریکا بۆ دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و گوتی، ''دوای شکستیان لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە (خۆپێشاندانەکانی ئێران)، ئێستا ئەوانن باس لە دیپلۆماسی دەکەن. ئێمەش هەمووکات ئامادەی دیپلۆماسی بووین.''
بە گوتەی عەباس عێراقچی، بە مەرجێک دەست بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا دەکەن کە ''لە روانگەیەکی یەکسان، رێزگرتن و بەرژەوەندیی دوولایەنەوە بکرێت.''
وەزیری دەرەوەی ئیران گوتیشی، ''ئێمە ئامادەی دیپلۆماسین، بەڵام دەبێ بزانن کە دیپلۆماسی لەگەڵ هەڕەشە، تۆقاندن و گوشار یەکناگرێتەوە، بەڵکو رێسای تایبەت بە خۆی هەیە. پشتیوان بە خودا لەو رێگەیەشدا شێلگیر دەبین و هیوادارم ئەنجامەکەشی بە زووترین کات ببینین.''
دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئەتۆمیی تاران و واشنتن لە کاتێکدا دەبێت کە ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هێناوەتە ناوچەکە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکە لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستاندن هەڕەشەی هێرشکردن دەکات.
عەباس عێراقچی رایگەیاند، ''هەر کەسێک رێز لە خەڵکی ئێران بگرێ، بە رێزەوە وەڵامی دەدرێتەوە، بەڵام هەڕەشەش بە زمانی تووند وەڵام دەدەینەوە."
هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گوتی، گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ هیچ وڵاتێک بەشێک نابێ لە دانوستاندنەکان.
عەلی باقی کەنی، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنەکە بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە رایگەیاند، بەرپرسانی وڵات خواستی ئەوەیان نییە یۆرانیۆمی پیتنێراو بۆ هیچ وڵاتێک بگوازرێتەوە و بە هیچ شیوەیەکیش دانوستاندن لەاسەر ئەو بابەتە ناکرێت.
لە نیسانی 2025 بۆ حوزەیرانی هەمان ساڵ ژمارەیەک کۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ لەنێوان شاندی ئێران و ئەمریکا لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام هیچ رێککەوتنێک نەکرا. بڕیار بوو دواتر کۆبوونەوەی دیکە بکرێ، بەڵام دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بە دەستپێشخەری تەلئەڤیڤ و هێرشی ئەمریکا بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەو دانوستاندانەی راگرت.