خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو نەورۆز بە ئۆنلاین دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، قوتابخانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تاوەکو نەورۆز داخراو دەبن. وەزارەتی خوێندنی باڵای ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، ئاسانکاری بۆ خوێندکارانی بیانی کراوە بۆ ئەوەی ئێران جێبهێڵن.
عەلی فەرهادی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بەهۆی ئەو جەنگەی هەڵگیرساوە قوتابخانەکان لە سەرانسەری ئێران تاوەکو نەورۆز دادەخرێن و خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت.
هێڵی ئینتەرنێتی نێوخۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەستە و هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان دەتوانن بەکاری بێنن، لەوانەش قوتابیان.
عەلی فەرهادی گوتیشی، هەر گۆڕانکارییەک رووبدات، لە رێگەی راگەیێندراوی فەرمییەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەنەوە.
بە پێی ئامارەکانی ئێران، ژمارەی قوتابیان لەو وڵاتە 16 ملیۆن و 500 هەزار کەسە. زیاتر لە 3 ملیۆن خوێندکاریش لەو وڵاتەدا هەن.
هاوکات، زانکۆکانیش لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان تاوەکو 21-3-2026 داخراو دەبن.
هەر ئەمڕۆ جێگری وەزیری خوێندنی باڵای ئێران رایگەیاند، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئەو خوێندکارە بیانییانە دەکەن کە لە زانکۆکانی ئێران دەخوێنن.
سەعید حەبیبیان، جێگری وەزیری خوێندنی باڵای ئێران رایگەیاند، لەگەڵ پۆلیسی کۆچ و پاسپۆرتی ئێران هاوئاهەنگییان کردووە رێگە بە خوێندکارانی بیانی بدرێ لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
حەبیبیان دەشڵێت، ئەو خوێندکارانە تەنیا بە پاسپۆرتەکەیان دەتوانن لە دەروازە سنوورییەکانەوە ئێران جێبهێڵن و سەرجەم زانکۆکانیش راسپیردراون هاوکاریی ئەو خوێندکارانە بن و ئەزموونەکانیان بۆ بخەنە کاتیکی دیکە.