عەلی لاریجانی: هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا ناکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ ئەمریکا ناکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتەکەی دەستپێشخەری جەنگ نەبووە و بەرگری لە خۆی دەکات. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 02-03-2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە ئێکس بڵاوی کردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە کارەکانی خۆی، ناوچەکەی تووشی ئاڵۆزی کردووە و ''ئێستا نیگەرانی زیانی گیانیی زیاتری هێزە ئەمریکییەکانە.''
 
بەگوتەی عەلی لاریجانی، ترەمپ دروشمی "یەکەم ئەمریکا" کە دروستکراوی خۆیەتی، گۆڕیویەتی بۆ "یەکەم ئیسرائیل" و سەربازانی وڵاتەکەی کردووەتە قوربانیی ''دەسەڵاتخوازی''ـی ئیسرائیل.
 
دوو رۆژە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامن. سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە جەختی لەوە کردەوە، ''ئەمڕۆ گەلی ئێران بەرگری لە خۆی دەکات و هێزە چەکدارەکانمان دەستپێشخەری جەنگ نین.''
 
پێشتر میدیایەکی عەرەبی لە زاری وۆڵ ستریت جۆرناڵەوە بڵاویکردبووەوە کە سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هەوڵێکی نوێی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن دەستپێکردووەتەوە.
 
عەلی لاریجانی رەتیدەکاتەوە جارێکی دیکە دەست بە گفتوگۆی ئەتۆمی بکەنەوە و دەڵێت: ''ئێمە هیچ دانوستاندنێکمان لەگەڵ ئەمریکا نابێت.''
 
پەیامەکەی لاریجانی لەکاتێکدایە، کە لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستا چەندین ناوەندی هەستیاری ئێران کراونەتە ئامانج و چەندین بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کوژراون، لە نێویشیاندا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووە.