گوتەبێژی سوپای پاسداران: 650 سەربازی ئەمریکی کوژراون و بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، لە درێژەی هێرشەکانیاندا بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، لانیکەم 650 سەربازی ئەو وڵاتە کوژراون یان بەریندار بوون.
عەلی محەممەد نائینی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی میدیاییدا پشتڕاستی کردەوە کە لە دوو رۆژی یەکەمی جەنگدا، هێرشیان کردووەتە سەر چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهام لینک''ـیان بە چوار مووشەکی کرووز پێکاوە.
بەگوتەی عەلی محەممەد نائینی، لەو دوو رۆژەدا، لانیکەم 650 سەربازی ئەمریکی لە ئەنجامی هێرشەکانیاندا کوژراون یان بریندار بوون.
ئەوە لەکاتێکدایە ئەمریکا تاوەکو ئێستا تەنیا کوژرانی شەش سەربازی خۆی لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێراندا پشتڕاست کردووەتەوە. گوتەبێژی سوپای پاسداران لەوبارەوە دەڵێت: ''ئاساییە ئەمریکییەکان راستییەکان بشارنەوە، بەڵام ئێمە لە رێگەی زانیاریی وردەوە هێرشەکانمان دەکەین.''
لە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، 28ی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی فراوانیان بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە.
لە وەڵامیشدا سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل کردووە.