لە بۆردوومانەکانی پارێزگای تەورێزدا 27 کەس کوژراون

 
رووداو دیجیتاڵ

چەندین بنکە و بارەگای سوپای پاسداران و پۆلیس لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز) کراونەتە ئامانج و بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە، 27 کەس کوژراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تەورێز رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا چەندین شوێن لە شارەکانی تەورێز، سەراب، مەراغە و شەبستەر لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و 27 کەس کوژراون.
 
مەجید فەرشی دەڵێ، رۆژی یەکشەممە تەنیا لە شاری مەراغە 15 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژراون.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات، ئەفسەرێکی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی مەراغە بە ناوی یەعقووب سەناییفەر لە هێرشەکاندا کوژراوە.
 
لە بەرەبەیانی رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و چەندین ناوەندی هەستیاری ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
 
لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا سوپای پاسدارانی ئێرانیش چەندین شەپۆلی هێرشی بە مووشەکی بالیستی و درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل کردووە.