ئێران: بە 15 مووشەک هێرشمان کردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە کوێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئێران دەڵێ، رۆژی دووشەممە بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم"ی ئەمریکی لە کوێت و چەند کەشتییەکی لە باکووری زەریای هیندی کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل.
 
لە راگەیێندراوی سوپای ئێراندا هاتووە: "یەکەکانی مووشەکیی هێزەکانی زەمینی و دەریایی لە چەندین شوێنی جیاوازەوە، بنکەی ئاسمانیی عەلی سالمی ئەمریکی لە کوێت و کەشتییەکانی دووژمنیان لە باکووری زەریای هیندی لە چەند کاژێری رابردوودا کردە ئامانج."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لەم هێرشانەدا "15 مووشەکی کرووز" بەکارهێندراون.
 
ئەم هێرشانەی ئێران دوای ئەوە دێن کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتنە ئاستێکی بێ پێشینە، بەتایبەتی دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل.