شارەوانیی تاران: 33 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی شارەوانیی تاران رایگەیاند، بەهۆی جەنگی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە، 33 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە تاران زیانیان بەرکەوتووە و پرۆسەی نیشتەجێکردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکانیش بەردەوامە.
 
عەبدولموهار محەمەدخانی، گوتەبێژی سەرۆکی شارەوانیی تاران ئاشکرای کرد، ئەو 33 هەزار یەکەیەی زیانیان بەرکەوتووە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، زیانەکان هەندێکیان شکانی شووشە و دەرگا و پەنجەرەکانە، بەڵام هەندێکیان دووبارە پێویستیان بۆ دروستکردنەوە هەیە.
 
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەش دەڵێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەستنیشانکراون و کارەکانیان دەستیپێکردووە، ئەم نۆژەنکردنەوانە یان لەلایەن هاووڵاتییان خۆیانەوە بە پشتیوانی دارایی شارەوانی دەکرێن، یان راستەوخۆ شارەوانی خۆی بەدواداچوونیان بۆ دەکات."
 
محەمەدخانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی زیانەکانەوە 1869 خێزان پێویستیان بە شوێنی نیشتەجێکردن هەبووە، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 1245خێزان (نزیکەی 4200 کەس) لە 23 کۆمەڵگەی نیشتەجێبووندا جێگیرکراون. هەروەها بەشێکی دیکەی زیانلێکەوتووان لەسەر داوای خۆیان چوونەتە ماڵی کەسوکارەکانیان یان شارەکانی دیکە، 140 خێزانیش دوای چاککردنەوەی ماڵەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان.