ئێران: سووڕی 'شەڕ و ئاگربەست' قبووڵ ناکەین و وەڵامی تووندمان دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی چیدی "سووڕی شوومی" شەڕ و دانوستاندن و ئاگربەست قبووڵ ناکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە تاران هیچ بژاردەیەکی دیکەی جگە لە "رووبەڕووبوونەوەی تووند" لەبەردەم نەماوە.
 
پێنجشەممە، 2-4-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە رایگەیاند: "ئێستا تەواوی گەل بۆ بەرگری لە ئێران لە بەرامبەر ئەم شەڕە نادادپەروەرانە و دەستدرێژکارییەدا یەکگرتوون."
 
بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە تاران چیدی بێدەنگ نابێت لە ئاست ئەو دۆخەی دروستکراوە و گوتی: "ئێمە بەرگەی ئەم سووڕە شوومەی شەڕ، دانوستاندن و ئاگربەست ناگرین کە دواتر هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە؛ ئەمە نەک تەنیا بۆ ئێران، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش کارەساتبارە."
 
پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندوو، ئێرانییەکان داوای راگرتنی شەڕ و دانوستانیان لێکردووە، بەڵام بەپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە ئەو داوایەیان کردبێت.
 
لە 28ی شوباتەوە هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. 
 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئەمە شەڕێکی ئاسایی و تەقلیدی نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە چالاکیی تیرۆریستی و جەنگ. ئەوان سەرکردە و فەرماندەکانی ئێمەیان کردووەتە ئامانج، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە لە شوێنی ئەرکەکانیان نەبوون."
 
ئیسماعیل بەقایی جەختی لەوەکردەوە کە ئەم شەڕە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێندراوە و رایگەیاند: "هیچ بژارەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە جگە لە رووبەڕووبوونەوەی تووند."