عێراقچی: هێرشکردنە سەر ژێرخانەکان ئێرانییەکان ناخاتە سەر چۆک
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران لە چەند پەیامێکدا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و رایدەگەیێنێت، لێدان لە ژێرخانە مەدەنییەکان نابێتە هۆی خۆبەدەستەوەدانی خەڵکی وڵاتەکەی.
عێراقچی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) وێنەی ئەو پردەی نێوان تاران و کەرەجی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ تەقێندرایەوە، نووسیویەتی: "کردنە ئامانجی شوێنە مەدەنییەکان، لەوانەش پردە تەواونەکراوەکان، ئێرانییەکان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان ناکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەو جۆرە هێرشانە تەنیا "شکست و داڕووخانی ئەخلاقیی دوژمنێکی شێواو" نیشان دەدەن. راشیگەیاندووە، ئێران هەر پرد و تەلارێک بڕووخێنرێت، بە بەهێزتر دروستی دەکاتەوە، بەڵام "ئەوەی هەرگیز چاک نابێتەوە، ناوبانگی ئەمریکایە."
ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر پردی B1 لەنێوان تاران و کەرەج و تەقێندرایەوە. دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی سۆشیاڵ ترووس ڤیدیۆی تەقاندنەوەی پردەکەی بڵاوکردەوە و نووسی: کاتی ئەوەیە ئێران رێککەوتن بکات پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت. ئەوەشی گوتبوو کە زیاتر بەڕێوەیە.