ئێران کەسێکی بە "تاوان"ی سووتاندنی بنکەیەکی بەسیج لە سێدارە دا
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند، کەسێکیان بە "تاوان"ی بەشداریکردن لە سووتاندنی بنکەیەکی بەسیج لەسێدارە داوە.
رۆژی پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کەسێکیان بەناوی ئەمیرحوسێن حاتەمی لەسێدارەداوە کە بە تاوانی " بەشداری لە خۆپێشاندان و بەشداریکردن لە سووتاندنی بنکەیەکی بەسیج" سزادرابوو.
بەگوێرەی دەسەڵاتی دادی ئێران، " ئەمیرحوسێن حاتەمی، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئاژاوەگێڕانی دیکە هێرشیانکردە سەر یەکێک لە شوێنە سەربازییەکانی تاران و ئاگریان تێبەر دا."
ئاژانسی هەواڵیی میزان، سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت: "پاش تێپەراندنی قۆناخە یاساییەکان لەلایەن دیوانی باڵای وڵات سزای لە سێدارەدان بۆ ئەمیرحوسێن حاتەمی دەرچوو و دەست بە سەر ماڵ و موڵکیدا گیراوە."
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، "سزاکە ئەم بەیانییە جێبەجێکراوە"، بەڵام ئاماژەی بە شوێنی جێبەجێکردنی نەکردووە.
لە سەرەتای مانگی شوباتەوە ئەوە نۆیەم کەسە کە لە ئێران بە "تاوان"ی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارەدەدرێت.
خۆپیشاندانەکانی ئێران کە لە 28-12-2025 دەستیانپێکرد، بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە هرانا، 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون."
دەسەلاتی دادی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو بەشێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون سزای لە سێداردانیان بۆ دەرچووە و سزاکانیان بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت.