ئێران: سێ درۆنی ئەمریکی و ئیسرائیلمان لە شیراز خستە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنن، سێ درۆنی پێشکەوتووی ئەمریکی و ئیسرائیلییان لە ئاسمانی شیراز خستووەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە شاری شیراز کارا کراون و توانیویانە بە سەرکەوتوویی دوو درۆنی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) بخەنە خوارەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای ئێران، درۆنی MQ-9 یەکێکە لە پێشکەوتووترین درۆنە سیخوڕی و جەنگییەکانی ئەمریکا کە توانای 27 بۆ 36 کاژێر فڕینی بەردەوامی هەیە و بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پێکانی وردی ئامانجەکان بەکاردێت.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، هەر لە ئاسمانی شیراز توانیویانە درۆنێکی ئیسرائیلی لە جۆری (هێرمس 900) تێکبشکێنن.
هێرمس 900 درۆنێکی فرەئەرکی ئیسرائیلییە و بۆ ماوەی 36 کاژێر دەتوانێت لە ئاسماندا بمێنێتەوە.
تاوەکو ئێستا نە ئەمریکا و نە ئیسرائیل هیچ کاردانەوە و لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی خستنەخوارەوەی ئەو سێ درۆنە بڵاونەکردووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە جیاجیاکانی سوپای ئێران و سوپای پاسداران، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 150 درۆنی ئەمریکی و ئیسرائیلی لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خراونەتە خوارەوە.
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران لە 28ـی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە، درۆنەکانی هەردوولا گۆڕەپانێکی فراوانی جەنگەکەیان داگیرکردووە.