دوو گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن و پۆڵای ئێران بە بۆردوومان لەکارکەوتن
رووداو دیجیتاڵ
دوو لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاسن و پۆڵای ئێران، کۆمەڵگەی "فولاد موبارەکەی ئەسفەهان" و کارگەی "فولاد خوزستان" بەتەواوی لەکارکەوتوون و کارکردن لە کارگەکان بە تەواوی وەستاوە.
رۆژی پێنجشەممە 02-04-2026، کۆمەڵگەی "فولاد موبارەکەی ئەسفەهان" کە بە گەورەترین پیشەسازیی ئاسن و پۆڵا لە ئێران دادەنرێت، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، بەهۆی قورسیی بۆردوومانەکان و ئەو زیانە کوشندانەی بەر یەکەکانی بەرهەمهێنان کەوتوون، سەرجەم هێڵەکانی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بەتەواوی لەکارکەوتوون و کارکردن لە کارگەکە بە تەواوی وەستاوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەهۆی قەبارەی وێرانکارییەکان، لە ئێستادا بەردەوامبوون لە کارکردن مەحاڵە، بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانمان کە گەورەترین سەرمایەی ئێمەن، داوا لە سەرجەم هاوکاران دەکەین تاوەکو ئاگادارکردنەوەی داهاتوو سەردانی کۆمەڵگەکە نەکەن."
زیانەکان لە کارگەی پۆڵای خوزستان قورسن
هاوکات لەگەڵ پەککەوتنی پیشەسازیی پۆڵا لە ئیسفەهان، مێهران پاکبین، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای "فولاد خوزستان" بۆ کاروباری بەرهەمهێنان رایگەیاند، هێرشەکان زیانی زۆر گەورەیان بە تەواوی مۆدیوڵەکان و کورەکانی پۆڵاسازیی ئەو کارگەیەش گەیاندووە.
پاکبین ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی و دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە "فولاد خوزستان" کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە. گوتیشی: "بۆ چاککردنەوە و خستنەوەکاری یەکەکان، لانیکەم 6 مانگ تاوەکو ساڵێکمان پێویستە."
لە دوو رۆژی رابردوودا کۆمەڵگەی "فولاد موبارەکەی ئەسفەهان" و کارگەی "فولاد خوزستان" بە خەستی بۆردوومان کرابوون.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە، کەرتی پۆڵا یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئابووریی ئێران و پەککەوتنی ئەم دوو ناوەندە گەورەیە، گورزێکی کوشندە لە کەرتی پیشەسازی و هەناردەکردنی ئەو وڵاتە دەوەشێنێت.