حەج و زیارەتی ئێران: ئەم ساڵ زیاتر لە 30 هەزار کەس حەج دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ، زیاتر لە 30 هەزار کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ حەج دەچنە سعودیە؛ 1%ـی ئەو کەسانە وەکو رێکخەر، کارگوزار و یارمەتیدەری حاجییەکان دەبن.
ئەمڕۆ شەممە، 2ی ئایاری 2026، عەلیڕەزا رەشیدیان، سەرۆکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاند، سەبارەت بە ژمارەی حاجیان لەگەڵ سعودیە رێککەوتوون و ئەم ساڵ 30 هەزار کەس لە ئێران بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج دەچنە سعودیە.
بە گوتەی عەلیڕەزا رەشیدیان، لەو ژمارەیە 672 کەسیان وەک کارگوزار و یارمەتیدەری حاجیان دەچنە سعودیە.
عەلیڕەزا رەشیدیان ئاماژەوی بەوەشکرد، هەوڵیانداوە ئەم ساڵ ژمارەی کارگوزارانی حەج زیاتر بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە رێگەی وەزارەتی حەجی سعودیە بەدواداچوونیان کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان نەگەیشتووەتە ئەنجام.
سەرۆکی رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران دەڵێت، لەگەڵ ئەو رێوشوێنانەی گیراونەتەبەر، پێیانوانییە هیچ کێشەیەک لە خزمەتکردنی حاجیاندا دروست ببێت.
رێکخراوی حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاندووە تا شەوی هەینی شەش هەزار و 500 کەس گەیشتوونەتە سعودیە و کاروانی ناردنی حاجیان بەردەوام دەبێت.
ژمارەی حاجیان بەراورد بە پار زیاتر لە 55 هەزار کەمی کردووە، پار زیاتر لە 85 هەزار و 850 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، گەشتی سعودیەیان کرد.