پارێزەری نێرگز محەممەدی: تەندروستیی نێرگز تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە


رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری نێرگز محەممەدی، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی رایگەیاند، نێرگیز محەممەدی لە زیندانی زنجان جارێکی دیکە لەهۆش خۆی چووە و بەهۆی خراپیی باری تەندروستییەوە بە پەلە گوازراوەتەوە بۆ بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانە.
 
مستەفا نیلی، رۆژی هەینی، 11ی ئایاری 2026 رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا پەستانی خوێنی نێرگز محەممەدی ناجێگیر بووە و رۆژی پێنجشەممە بەهۆی دابەزینی لەناکاوی پەستانی خوێنی، لەهۆش خۆی چووە.
 
بە گوتەی پارێزەرەکەی نێرگیز محەممەدی، پزیشکی زیندان دوای پێدانی چارەسەری سەرەتایی، بڕیاری داوە بە پەلە بگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە. نیلی دەڵێت: "نێرگز سەرەتا رەتیکردەوە بچێتە نەخۆشخانەکانی زنجان، چونکە پزیشکانی پسپۆڕ پێشتر هۆشدارییان دابوو کە بەهۆی سێ جار نەشتەرگەریی قەستەرە و دانانی 'ستێنت' لە دڵیدا، چارەسەرکردنی لە زنجان مەترسیدارە و دەبێت تیمی پزیشکیی تایبەتی خۆی لە تاران سەرپەرشتی بکەن."
 
نێرگز محەممەدی کە لە 12ی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە دەستبەسەر کراوە، کۆی سزاکانی زیندانییکردنی گەیشتووەتە زیاتر لە 18 ساڵ. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لێژنەی نۆبڵی نەرویجی داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو چالاکڤانەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبوو.
 
نێرگز محەممەدی تەمەن 53 ساڵ، لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا چەندین جار دەستگیرکراوە و سزادراوە، ئەوەش بەهۆی هەڵمەتە بەردەوامەکانی دژی "سزای لەسێدارەدان" و "باڵاپۆشیی زۆرەملێ" لە ئێران. محەممەدی زۆربەی رۆژەکانی 10 ساڵی رابردووی لە زیندان بەسەر بردووە.
 
لە کانوونی یەکەمی 2024دا، نێرگز بۆ ماوەی 3 هەفتە بە هۆکاری پزیشکی ئازاد کرا دوای ئەوەی نەشتەرگەریی لادانی گرێ و چاندنی ئێسکی بۆ کرا، بەڵام دواتر گەڕێندرایەوە بۆ زیندان.
 
نێرگز محەممەدی لە ساڵی 2023 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا. لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا خۆی لە زیندان بوو.