پۆلیسی کرمان دەست بەسەر زیاتر لە تۆنێک و 800 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا دەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرمانی ئێران رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانیاندا لە بیابانی "شەهداد"، دەستیان بەسەر زیاتر لە یەک تۆن و 800 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە و سێ قاچاخچییش کوژراون.
 
رۆژی شەممە، 2ـی ئایاری 2026، جەلیل مەوقووفەیی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرمان رایگەیاند: "دوای ناسینەوە و بەدواداچوونی وردی شەوانە، هێزە ئەمنییەکان توانییان لە ناوچەی بیابانی شەهداد رێگە لە گواستنەوەی کاروانێکی گەورەی ماددەی هۆشبەر بگرن."
 
بە گوتەی فەرماندەی پۆلیس، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەدا وا دەزانرا بڕی ماددە هۆشبەرەکان یەک تۆن بێت، بەڵام دوای پشکنینی وردی ئەو ئۆتۆمبێلەی دەستی بەسەردا گیرابوو، دەرکەوت بڕێکی زۆرتر لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا حەشار دراوەو کۆی گشتیی بارەکە گەیشتە زیاتر لە تۆنێک و 800 کیلۆگرام.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەرماندەی پۆلیسی کرمان ئاماژەی بەوە کرد، کە لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا سێ قاچاخچیی چەکدار کوژراون. هەروەها دەست بەسەر چەندین پارچە چەکی جەنگی، گولـلە ئار پی جی و تەقەمەنیدا گیراوە کە بە قاچاخچییەکان بووە.
 
ناوچەی شەهداد کە دەکەوێتە پارێزگای کرمان، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەی و بوونی ناوچەی بیابانی، زۆر جار وەک رێڕەوێک لەلایەن باندەکانی قاچاخیی ماددەی هۆشبەرەوە بەکاردەهێنرێت.