وەزیری دەرەوەی ئێران: پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران ئاشتییانەیە و هیچمان بۆ شاردنەوە نییە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "بەبێ پێدانی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئێران هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکرێت."
رۆژی دووشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کونگرەی رۆژنامەڤانیدا لە قاهیرە رایگەیاند،"هیوادارین وڵاتانی ئەورووپی میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکان بە کار نەهێنن و ئەم هەڵەیە نەکەن، چونکە ئەم سیاسەتە هەڵەیە و قەیرانەکانی ئێستاش زیاتر دەکات."
عێراقچی گوتی: "دڵنیام لەرێگەی دیپلۆماسییەوە دەتوانین بگەینە چارەسەرێکی باشتر و رێگری لە قەیرانی زیاتر بکەین."
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، "پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران ئاشتییانەیە و هیچمان بۆ شاردنەوە نییە. نەتەوەی ئێران باجی قورسی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم داوە و بەبێ مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بە ئێران هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکرێت."
رۆژی شەممە، 31ـی ئایاری 2025 راپۆرتێکی نهێنیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بڵاوکرایەوە کە تێیدا باس لەوە کرا، ئێران نزیکەی 408.6 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە کە 133.8 کیلۆگرامی لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە بەرهەمهێندراوە، ئەوەش مایەی ''نیگەرانیی جیدی''ـیە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئێران تەنیا وڵاتە کە خاوەن چەکی ئەتۆم نییە و یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 60٪ هەیە.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران راپۆرتەکەی بە "هەنگاوی سیاسی'' ناوبرد کە لەلایەن ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمریکا ''بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی سەردانەکەی رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ ئێران، نراوە.''
ئەوە لە کاتێکدایە پێنج گەڕی دانوستاندن لەنێوان تاران و واشنتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی بەڕێوەچووە و وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەتی ئەمریکا نیگەرانن لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
واشنتن لە دانوستاندنەکاندا داوای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران دەکات. تارانیش بەردەوام رایگەیاندووە هیچ رێککەوتنێک واژۆ ناکات ئەگەر رێگە بە پیتاندن نەدات، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئەمریکی لە ئەگەری بنبڕنەکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران، بەردەوام هەڕەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتەکە دەکەن.
لە دوایین پێشهاتدا ئەمریکا پێشنیازێکی نووسراوی بۆ تاران ناردووە کە ناوەندێکی هەرێمی لە دەرەوەی ئێران، یۆرانیۆم بۆ وڵاتەکە بپیتێنێت.
بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی، بەرپرسانی واشنتن دەڵێن، پێشنیازە نووسراوەکەی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەی بووەتە هۆی چەقبەستنی گفتوگۆکان، ئەویش داواکاریی ئێرانە بۆ بەردەوامبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاکی خۆی.
تاوەکو ئێستا تاران بە فەرمی وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکای نەداوەتەوە.