ئەردۆغان: گوێ بەوانە نادەین کە دژایەتی پرۆسەی چارەسەری دەکەن و بەردەوامین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە توانایدایە هەموو کێشەکان لە سەرووی هەموویانەوە کێشەی تیرۆر چارەسەر بکات و دەشڵێت، تورکیایەکی بێ تیرۆر، سەنگی مەحەکی ئەو توانایەمان دەبێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی حوزەیرانی 2025، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکان و رۆژەڤەکانی کۆبوونەوەکە کرد.
سەرۆککۆماری تورکیا بەشێکی گوتارەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری تەرخان کرد و رایگەیاند، "تورکیا خاوەنی ئەو ویست و هێزە دیموکراسییە پێگەیشتووەیە کە توانای چارەسەری هەموو کێشەیەکی هەیە لەوانەش کێشەی تیرۆر. تورکیایەکی بێ تیرۆر، سەنگی مەحەکی ئەو توانایەمان دەبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە قۆناخەکانی پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "هەرچەندە قۆناخەکانی پرۆسەکە بە ئاسانی بەڕێوەبچێت کۆمەڵگەکەمان هێندە ئارام دەبێت. دەوڵەت و میللـەتیش زیاتر ئاشنا و پەرۆشی یەکدی دەبن."
پێداگری لە چارەسەرکردنی پرۆسەکە کرد لە رێگەی سیاسەتکردن و گوتی: "هەمیشە گوتوومە و لێرە دووپاتی دەکەمەوە، کێشەکان هەرچەندە ئاڵۆز بن، تورکیا هیچ کێشەیەکی نییە چارەسەر نەبێت. بێگومان ژێرخانی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان تەنیا بە سیاسەت دەکرێت."
ئاماژەی بەوەشدا گوێ بە بەهیچ کەس و لایەنێک نەداوە و نادەن کە دژایەتی پرۆسەکە دەکەن. بەردەوام دەبن لە هەوڵ و کارەکانیان. هەروەها ئەوانەی دەیانەوێ ببنە لایەنی کێشە و نایانەوێت ببنە بەشێک لە چارەسەری، حەواڵەی میللـەتیان دەکات.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.