داخستنی ئاسمانی ئێران درێژکرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاند، زۆربەی ئاسمانی وڵاتەکە بە داخراوی بە رووی گەشتی فڕۆکەکاندا دەمێنێتەوە و تەنیا بەشی رۆژهەڵات رێگەپێدراوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە دووی تەممووزی 2025، مەجید ئیخوان، گوتەبێژی وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران رایگەیاند: "قەدەخەی گەشتکردن لە ناوەند و رۆژئاوا، باکوور و باشووری ئێران تاوەکو کاژێر 14:00ـی سبەی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و ئاسمانی ئەو ئاراستانە بە داخراوی دەمێننەوە."
 
مەجید ئیخوان گوتی: "گەشتکردنی فڕۆکە بیانییەکانیش تەنیا بە بەشی رۆژهەڵاتی ئێراندا رێگەپێدراوە."
 
ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی شەممە راگەیێندرابوو نێوەڕاست و رۆژئاوای ئێران بۆ گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی کراونەتەوە.
 
رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێرانیش ئەمڕۆ رایگەیاند، تاوەکو ئەو کاتەی کرانەوەی فڕۆکەخانەکان رادەگەیێندرێت، فرۆشتنی تکتی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی ناوەند، رۆژئاوا، باکوور و باشووری وڵاتەکە رێگەپێدراو نییە. 
 
حکومەتی ئێران شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی بۆ گەشتە ئاسمانییەکان کردەوە، بەڵام ئاراستەکانی دیکە وڵاتەکە بە داخراوی ماونەتەوە.
 
فڕۆکەخانەکانی مەشهەد، بوجنورد، سەبزەوار، بیرجەند، زابول، زاهیدان، سەراوان، چابەهار، جاسک و سەرەخس کراونەتەوە و گەشتکردن تێیاندا رێگەپێدراوە، بەڵام فرۆکەخانەکانی دیکە لە نێویشیاندا فڕۆکەخانەی مێهراباد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیمام خومەینی داخراون. 
 
رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، ئاسمانی ئێران بە رووی هاتووچۆی فڕۆکەکان داخرا.