سوپاسالاری ئێران: ئامانجی دووژمنان زیانگەیاندن بوو بە کۆماری ئیسلامی نەک پرسی ئەتۆمی
رووداو دیجیتاڵ
سوپاسالاری ئێران دەڵێت، ساڵانێکە ئیسرائیلییەکان و لایەنگرانیان هەموو هێزی خۆیان بۆ لێدان لە کۆماری ئیسلامی کۆکردووەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دووی تەمموزی 2025، عەبدولڕەحیم موسەوی، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند،"ئامانجی دووژمن زیانگەیاندن بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دابەشکردنی وڵاتەکەمان بوو نەک پرسی ئەتۆمی."
عەبدولڕەحیم موسەوی دەڵێت، لەو جەنگەدا ئەوان بەسەر ئیسرائیلدا "سەرکەوتن" و دەڵێت "سەرکەوتن بەسەر ئیسرائیلدا بە رێبەرایەتیی رێبەر باڵا و خۆڕاگریی خەڵک و بەهێزی هێزە چەکدارەکان بەدیهات."
سوپاسالاری ئێران هۆشداری دایە ئیسرائیل و گوتی، "ئەگەر بچینە قۆناخێکی نوێ و شەڕەکە بەردەوام بێت، ئیسرائیل شایەتی توانا نوێیەکانی ئێران دەبێت کە هێشتا کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە. ئەگەر هەر هێرشێک بکەن، وەڵامدانەوەمان لە جاری پێشوو بەهێزتر و وێرانکەرتر دەبێت."
لە 13ی حوزەیران جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئەمریکاش رۆژی 22ی ئەم مانگە بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەک هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 25ـی حوزەیراندا ئاگربەستی نێوان تاران و تەلئەڤیڤی راگەیاند.